وەزارەتی پلاندانان: ئەم ساڵ ژمارەی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگاتە 45 ملیۆن کەس

08-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی 2023 ژمارەی دانیشووانی عێراق و هەرێمی کوردستان 43 ملیۆن و 324 هەزار کەس بووە، بۆ ئەم ساڵیش پێشبینی دەکەن بگاتە نزیکەی 45 ملیۆن کەس. دەشڵێت: "خشتەیەکی کار بۆ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە ئەمساڵدا ئامادەکراوە و بڕیارە تاوەکو مانگی شەش هەموو ئامێرەکان بۆ سەرژمێرییەکە کە بە ئەلیکترۆنی دەبێت، بەردەست بێت."
 
رۆژی دووشەممە، 8-1-2024، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامادەکارییەکان لەرێگەی خشتەیەکی کارەوە بۆ کردنی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان ئامادەکراوە و بڕیارە لە مانگی پێش کۆتایی ئەم ساڵ سەرژمێری گشتی بکرێت، روونیشیکردەوە، "چەند جارێکە بە هۆکاری جیاواز سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە عێراق دوادەکەوێت، بەڵام هەموو رژدین بۆ ئەوەی لە کۆتایی ئەم ساڵدا بکرێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەدا ئەم سەرژمێرییە لەوانەی پێش خۆی کە لە عێراق کراون تەواو جیاوازە، یەکێک لە جیاوازییەکانی سەرژمێرییەکە بە ئەلیکترۆنی دەبێت، بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ هێنانی تابڵێت و ئامێری پێویستی ئەلیکترۆنی بڕیارە بەپێی خشتەیەکی کار ئەو بابەتە بکرێت و تاوەکو مانگی شەشی ئەم ساڵ ئەو ئامێرانە بەردەست بن.
 
سەبارەت بە خەمڵاندنەکانیان بۆ ژمارەی دانیشتووانی عێراق، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رایگەیاند: "ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2023دا 43 ملیۆن و 324 هەزار کەس دەبێت، رێژەی گوندنشنیان 30.1٪ و رێژەی شارنشین 69.9٪ بووە." بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی پلاناندان ژمارەی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەمساڵدا دەگاتە 45 ملیۆن کەس.
 
سەبارەت بە دابەشبوونی تەمەن و رەگەزی دانیشتوان، روونیکردەوە: "رێژەی ئەوانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە دەگاتە 41٪ـی کۆی ژمارەی دانیشتووان، هەروەها ئەوانەشی تەمەنیان لەنێوان 15 ساڵ بۆ 64 ساڵ دەبێت رێژەیان 57٪ دەبێت، هەرچی ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو 65 ساڵ دەبێت، رێژەیان 3٪ـی کۆی دانیشتووان دەبێت."
 
لەبارەی چالاکیی ئابووریشەوە ئەوەی ئاشکراکرد، "تێكڕای چالاکی ئابووریی دانیشتووان ئەوانەی لە تەمەنی 15 ساڵ و زیاتر دەبن دەگاتە 40٪، رێژەی 87٪یان نێر و 13٪یان مێن."
 
بەپێی وەزارەتی پلاندانان رێژەی هەڵاوسان لە ساڵی 2023 بۆ 4.4٪کەمبووەتەوە بەبەراورد بە 6.1٪ لە ساڵی 2021 و 4.9٪ لە ساڵی 2022.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە