لەژێر گوشاردا بەشداریی ژنان لە ماراسۆنەکەی بەسرە هەڵوەشایەوە

08-02-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لەژێر گوشاردا بەشداریکردنی ژنان لە ماراسۆنەکەی رۆژی هەینی لە پارێزگای بەسرە هەڵوەشایەوە. 

ماراسۆنی بەسرە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لەسەر راسپاردەی محەممەد تاهر تەمیمی، پارێزگای بەسرە بە وەکالەت، بۆ پاراستنی سەلامەتیی هەمووان، بڕیاردرا ماراسۆنەکەی سبەی هەینی تەنیا بۆ پیاوان بێت"، بەم شێوەیە ژنان بەشداری ناکەن.
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەوەی ژنان دەتوانن بەشداریی ماراسۆنەکە بکەن، بەشێک لە پیاوانی ئایینی و سیاسییەکانی ئەو پارێزگایە هۆشدارییان دا.
 
رۆژی 6ی شوباتی 2024،  ساڵح جیزانی، نوێنەری پیاوانی ئایینیی بەسرە و کەژاوەی حوسێنییەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، "ئەو کارە ژنان لە رەوشت و شکۆمەندییان لادەدات تاوەکو بە پاساوی وەرزش و کرانەوەوە بکەونە نێو تەڵەی گەندەڵکارانەوە؛ داوا دەکەین بەپەلە ئەم پڕۆژەیە هەڵبوەشێتەوە، ئەگەرنا هەڵوێستێکی دیکەمان لێدەبینن، دواتر پەشیمانی داد نادات".
 
بە سپۆنسەریی سێ لایەنی کەرتی تایبەت و پشتیوانیی کارگێڕیی پارێزگاکە، بڕیارە کاژێر 10ی بەیانیی رۆژی هەینی، 9ی شوبات ماراسۆنەکە بەڕێوەبچێت.
 
رۆژی 6ی شوباتی 2024، ئەحمەد روبێعی، پەرلەمانتاری پارێزگای بەسرە لە فراکسیۆنی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەڕێوەچوونی ماراسۆنەکە بەو جۆرەی پلانی بۆ دانراوە "بێڕێزییە بە بەسرە و خەڵکەکە"ی و داوایکرد تەنیا بۆ پیاوان بێت.
 
کاردانەوەکان، کارگێڕیی پارێزگاکەی هێنایە دەنگ و رۆژی چوارشەممە، 7ی شوباتی 2024، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، رێکخەرانی ماراسۆنەکە پابەندن بە پاراستنی بەهای ئایینی و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان؛ بەشداربووانیش پابەندن، پێشێلکردنی بەها و نەریتییەکان قبووڵنەکراوە، سەرپەرشتیارانی ماراسۆنەکە رێگە بەهیچ رەفتارێک نادەن کە پێچەوانەی سیستم و ئادابی گشتی بێت.
 
بەگوتەی رێکخەرانی ماراسۆنەکە، تەنیا لە 24 کاژێری کردنەوەی دەرگەی خۆتۆمارکردن، سەروو 15 هەزار کەس ناویان تۆمارکردووە؛ خەڵاتەکەشی دەگاتە 15 ملیۆن دینار، بە جۆرێک یەکەم 5 ملیۆن، دووەم 4 ملیۆن، سێیەم 3 ملیۆن و چوارەم 2 ملیۆن و پێنجەم ملیۆنێک دیناریان پێدەدرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.