هومام حەموودی: کورد هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی عێراقە

08-02-2026
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق دەڵێت، یەکلانەکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار لەلایەن کوردەوە هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی راسپاردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانە. گوتەبێژی ئەنجوومەنەکەش رایگەیاند، ئەگەر پارتی و یەکێتی رێکنەکەون، پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەرپشک دەکرێن دەنگ بە کام بەربژێر دەدەن.
 
رۆژی یەکشەممە، 8-02-2026، نووسینگەی هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بڵاویکردەوە، لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندێکی دیالۆگدا، حەموودی رایگەیاندووە: "کورد هاوبەشی ئێمەیە و خاوەن پڕۆژەیە، بەڵام یەکلانەکردنەوەی بەربژێری سەرۆککۆمار لەلایەن ئەوانەوە بووەتە هۆی دواکەوتنی راسپاردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی پەیامێک ئاراستەی لایەنە کوردستانییەکان دەکات و دەڵێت: "هیوادارین مامەڵە لەگەڵ دەستپێشخەرییەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بکەن، کات بەفیڕۆ مەدەن و بە زوویی پرسەکە یەکلایی بکەنەوە."
 
عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیوادارن یەکێتی و پارتی بگەنە سازان، بەڵام "ئەگەر رێکنەکەوتن، ئەوا چوارچێوەی هاوئاهەنگی پەرلەمانتارەکانی سەرپشک کردووە دەنگ بە کام بەربژێر دەدەن."
 
بەگوتەی دیفاعی، لە ئەگەری رێکنەکەوتنی ماڵی کورد، لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەگوێرەی رێککەوتن و نزیکییان لەگەڵ هەر لایەنێک، دەنگ بە بەربژێری ئەو لایەنە دەدەن.
 
تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار نەگەیشتوونەتە رێککەوتن؛ پارتی (فوئاد حوسێن) و یەکێتی (نزار ئامێدی)ی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە.
 
سەبارەت بە دەستوەردانی دەرەکی و پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن، هومام حەموودی گوتی: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵدەدات لەگەڵ ئەمریکا وەکو دەوڵەت بۆ دەوڵەت و لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی مامەڵە بکات." 

 

جەختیشی کردەوە رێگەدان بە دەستوەردانی دەرەکی بە هەر پاساوێک بێت رەتکراوەیە و بە مانای "کردنەوەی رێگەیە بۆ دەستوەردانی زیاتر لە داهاتوودا."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە سەربازانی عێراق

عێراق بڕیاری وەڵامدانەوەی سەربازی دەدات

حکومەتی عێراق مافی وەڵامدانەوەی سەربازی دەداتە هێزە چەکدارەکانی، بەڵام سەرچاوە ئەمنییە عێراقییەکان بۆ رووداو ئاشکرای دەکەن کە وڵاتەکە هیچ سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی نییە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان و تەنیا پشت بە سیستمی پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەبەسترێت.