رووداو دیجیتاڵ
کەشتییەک بە 17 هەزار مانگاوە گەیشتبووە بەندەری ئوم قەسری بەسرە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێتێرنەریى پارێزگاکە رایگەیاند، پشکنینیان بۆ کردووە و دەرکەوتووە کە کێشەیان نییە، ئێستا دەستیان بە داگرتنی بارەکە کردووە. هەرچەندە پێشووتر "گومان دەکرا ئەو ئاژەڵانە نەخۆش بن."
رۆژی هەینی، 8ـی ئاداری 2024 د. ریاز محەممەد، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى ڤێتێرنەریی بەسرە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پرۆسەى پشکنینى ئەو بارە مانگایانە کۆتایی هات، کە گەیشتبووە بەندەرى ئوم قەسر لە بەسرە."
د. ریاز محەممەد گوتى، "ئەو لیژنەیەى پشکنینى بۆ ئەو مانگایانە کرد لە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى ڤێتێرنەریى بەغداوە نێردرابوون بۆ بەسرە."
لەدواى 24 رۆژ لە بەڕێککەوتنى ئەو بارە لە بەرازیلەوە، کە 17 هەزار مانگای تێدابوو، گەیشتە بەندەرى ئوم قەسرى بەسرە.
کەشتییەکە لە کاتی گەشتەکەی بۆ عێراق، بۆ ماوەیەک لە بەندەرەکانی شاری کەیپتاونی ئەفریقای باشوور وەستابوو، ئەمەش دانیشتووانی شارەکەی بێزارکرد و داوایان لە بەرپرسانی کەشتییەکە کرد بەندەرەکە جێبهێڵن.
کەشتییەکە بۆنێکی ناخۆشی لێدەکات، گومان دەکرا ئەو بۆنە ناخۆشە بەهۆی نەخۆشکەوتنی مانگاکانەوە بێت، بۆیە بە "کەشتییە بۆگەنەکە" ناوی دەرکرد.
بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى ڤێتێرنەریى بەسرە رایگەیاند، لە دواى پشکنین دەرکەوتووە، ئەو مانگایانە نەخۆش نین و کێشەى تەندروستیان نییە، بۆیە دەستکراوە بۆ گواستنەوەى مانگاکان و داگرتنیان لە کەشتییەکە.
رێگەدان بە هاوردەکردنى ئەو کاروانە مانگایە لەلایەن عێراقەوە، بۆ پڕکردنەوەى پێداویستیی نێوخۆیی بوو لە گۆشتى سوور.
ماوەى زیاتر لەمانگێکە نرخى گۆشت لە بازاڕە ناوخۆییەکانى عێراق لە 16 هەزار دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 22 هەزار دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ