فڕۆکەوانیی سڤیلی عێراق بۆ رووداو: ئەمڕۆ بڕیار لە کردنەوەی ئاسمانی عێراق دەدرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە 40 رۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، عێراق بەهۆی داخستنی ئاسمانەکەیەوە 14.4 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە، بەڵام بەهۆی ئاگربەستی دوو  هەفتەیی، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیار لەکردنەوەی ئاسمانی عێراق بدرێت. 
 
جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای نزیکەی 40 رۆژ لە داخستن ئاسمان، بڕیارە ئەمڕۆ بڕیار لە کردنەوەی ئاسمانی عێراق بدرێت."
 
لە 28ی شوباتی رابردووەوە لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئاسمانی عێراق بە تەواوی بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخراوە و هاووڵاتییان تەنیا رێگەی وشکانی بۆ هاتووچۆ بەکاردەهێنن.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێش داخستنی ئاسمانی عێراق بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، رۆژانە نزیکەی 750 بۆ 850 فڕۆکەی هێڵە ئاسمانییە جیهانییەکان بە ئاسمانی عێراقدا دەرۆیشتن."
 
سەبارەت بە زیانە داراییەکان، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە گوتی، "کرێی تێپەڕبوونی هەر فڕۆکەیەک بە ئاسمانی عێراقدا 450 دۆلارە؛ ئەگەر تێکڕای ژمارەی فڕۆکەکان بە 800 فڕۆکە هەژمار بکەین، ئەوا داهاتی رۆژانە 360 هەزار دۆلار بووە، بەم 40 رۆژەی داخست، زیانەکان گەیشتووەتە  14 ملیۆن و 400  هەزار دۆلار."
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئەمریکا وئیسرائیل لەگەڵ ئێران راگەیێندرا.
 
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەم ئاگربەستە "دوولایەنە" دەبێت و مەرجی سەرەکیی بۆ جێبەجێکردنی، رەزامەندیی ئێرانە بۆ کردنەوەی "تەواوەتی، دەستبەجێ و سەلامەتی" تەنگەی هورمز بە رووی کەشتیوانیی جیهانییدا.
 
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە بارەی راگرتنی جەنگ بۆ ماوەی دوو هەفتە رایگەیاند، ئەمریکا بە "ناچاری" پێشنیازێکی 10 خاڵی ئێرانی بۆ ئاگربەست دەستپێکردووە. راشیگەیاند، رۆژی هەینی گفتوگاکان لە ئیسلامئابادی پاکستان دەستپێدەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

درۆنێکی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق

موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق: دوو هەفتە هێرشەکانمان رادەگرین

گرووپە چەکدارەکانی عێراق، کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێێنن بڕیاریان دا بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرشەکانیان لە عێراق و ناوچەکە رابگرن، ئەو هەنگاوە هاوکات بوو لەگەڵ ئاگربەستى نێوان ئەمریکا و کۆمارى ئیسلامى ئێران.