بەر لە چلەی جەنگ؛ 7 شوێنی بەغدا بۆردوومانکران، چوار چەکداری حەشد و دوو هاووڵاتیی سڤیل کوژران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

عێراق شەوێکی سەختی بەر لە ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی دۆناڵد ترەمپی بەڕێکرد، لە چوار پارێزگا بۆردوومان روویدا و چوار چەکداری حەشدی شەعبی و دوو هاووڵاتیی سڤیل کوژران؛ تێکڕای ئەو هێرشانەی کرانە سەر گرووپە چەکدارەکان گەیشتە 95 هێرش، ژمارەی چەکدارە کوژراوەکانیشیان بۆ 79 چەکدار بەرزبووەوە.
 
ئەو رووداوانەی عێراق لە رۆژ و شەوی 7ی نیسان بوو، بەر لەوەی بەرەبەیانی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا ئاگربەستێکی دوو هەفتەییی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران رابگەیێنێت.
 
حەوت رووداو لە بەغدا
 
لە کۆتایی کاژێرەکانی رۆژی 7ی نیسان و بەر لە راگەیاندنی ئاگربەست، حەوت رووداوی ئەمنی لە هەردوو بەری کەرخ و رەسافەی بەغدا روویاندا، کە بەهۆی بۆردوومانی مووشەک و درۆنەوە بوون.
 
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، سەربازگەیەکی حەشدی شەعبی لە نزیک قەزای تاجی بۆردوومان کرا، بەهۆیەوە ئەفسەرێک و چوار سەربازی فیرقەی دووی لیوای پێنجی سوپا کە لە بازگەیەک بوون بریندار بوون؛ لە هەمان ناوچە و لە نزیک حوسێنیەی ئیمام مونتەزیر، مووشەکێک کەوتووەتە خوارەوە بەبێ ئەوەی بتەقێتەوە، هەروەها لە ناوچەی عامریە مووشەکێک لە ماڵێک کەوتووەتە خوارەوە و بووەتە هۆی کوژرانی دوو هاووڵاتیی سڤیل.
 
لە ناوچەی جەمیلە و شەقامی مەغریب بەهۆی بۆردوومانەوە دوو ئۆتۆمبێلی سڤیل گڕیان گرت، لە شەقامی فەلەستینیش ماڵێک بۆردوومان کرا، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی هەبێت، لە هەمان ناوچە مووشەکێکی دیکە کەوتووەتە خوارەوە بەبێ ئەوەی بتەقێتەوە.
 
سێ درۆن خرانە خوارەوە
 
سوپای عێراق دوو درۆنی لە کەرکووک و درۆنێکی دیکەی لە ئەنبار خستە خوارەوە کە "ویستوویانە هێرش بکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان".
 
سێشەممە 7ی نیسانی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: یەکە سەربازییەکانی سوپای عێراق لە کەرکووک دوو درۆنیان خستووەتە خوارەوە کە ویستوویانە هێزە ئەمنییەکان بەئامانج بگرن.
 
سەعد مەعن رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە بەرگریکردن لە خۆیان و راوەدوونانی تۆمەتبارانی ئەو هێرشانە.
 
وەزارەتی بەرگریی عێراقی لە راگەیێنراوێکی دیکەدا خستنەخوارەوەی درۆنێکی لە بنکەی عەین ئەسەد راگەیاند.
 
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی ئەو وەزارەتە، درۆنێکی نەناسراو هەوڵیداوە سیستمی راداری سەربازگەیەکی نێو بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار بەئامانج بگرێت و توانراوە تێکبشکێنرێت بەبێ ئەوەی زیانی گیانی و ماددی هەبێت.
 
چوار چەکداری حەشد کوژران
 
لە بۆردوومانێکی سوپای ئەمریکا لە قەزای قائیمی رۆژئاوای عێراق، چەکدارێکی لیوای 45ی حەشدی شەعبی کوژرا کە سەر بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقە.
 
لە بۆردوومانێکی دیکەدا کە لە قەزای زوبێر لە پارێزگای بەسرە بە مووشەک کرا، سێ چەکداری هەمان گرووپ کوژران. سەربازگەی ئەبو مونتەزیر کە سەر بە دەستەی حەشدی شەعبییە لە دیالە، بۆردوومان کرا بەبێ ئەوەی زیانی گیانی هەبێت.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی حەشدی شەعبی لە 39 رۆژی جەنگدا، 95 جار بنکە و بارەگاکانی گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی بۆردوومان کراون و 79 چەکداریان کوژراون.
 
زۆرترین گرووپ کە لەم ماوەیەدا بۆردوومان کراون هەردوو لیوای 45 و 47ی سەر بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بووە، کە 12 جار بۆردوومان کراون. بۆردوومانکردنی ئەو گرووپانەی حەشدی شەعبی لە کاردانەوەی هێرشی هەندێکیان بووە بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە وابەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لە 39 رۆژی جەنگدا 831 هێرشیان بە درۆن و مووشەک کردووە.
 
ئەو گرووپە لە بەیانى 8ى نیسانەوە بڕیاریان دا بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرشەکانیان لە عێراق و ناوچەکە رابگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

درۆنێکی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق

موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق: دوو هەفتە هێرشەکانمان رادەگرین

گرووپە چەکدارەکانی عێراق، کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێێنن بڕیاریان دا بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرشەکانیان لە عێراق و ناوچەکە رابگرن، ئەو هەنگاوە هاوکات بوو لەگەڵ ئاگربەستى نێوان ئەمریکا و کۆمارى ئیسلامى ئێران.