سیمبولی ئەو پەرستگایانەی عێراق خوێندرانەوە کە مێژووەکەی بۆ 2700 ساڵ دەگەڕێتەوە

08-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شوێنەوارناسان توانییان هێما و سیمبولی کۆنی تەمومژاویی پەرستگایەک بخوێننەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 2700 ساڵ لەمەوبەر لە شاری شرۆکین.
 
ئەو زنجیرە سیمبولە تەمومژاوییانە لە پەرستگاکەدا لە چەندین شوێنی جیاوازی شاری دێرینی (دور شاروکین) بووە کە ئەمڕۆ بە خورساباد ناسراوە و دەکەوێتە باشووری کوردستان، تێیدا سەرجۆنی ئەکەدی پاشای ئاشووری لە (721 - 704 پێش زاین) فەرمانڕەوایەتیی کردووە.
 
زنجیرەی هەر پێنج هێما و سیمبولەکە بریتین لە شێر، هەڵۆ، مانگا، داری زەیتوون و هەوجاڕ (ئامێری جووتکردن). بۆ یەکەمجار پشکنەرانی فەرەنسی لە کۆتایی سەتەی 19 وێنەکەیان ئاشکرا و بڵاوکردەوە.
 
دکتۆر مارتن ورسینگتون، شارەزای زمانەکان و شارستانیی نێوان دوو رووباری کۆن و شارستانیی بابلی و ئاشووری سۆمەری لە کۆلێژی زمان و ئاداب و خوێندنی کولتوور لە دبلن، چارەسەرێکی نوێی دۆزییەوە بۆ شیکردنەوەی ئەو سیمبول و هێمایانە، کاتێک لە نیسانی رابردوو توێژینەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پێنج وشەیە دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی ئاشووری بۆ ناوی سەرجۆن.
 
دکتۆر مارتن دەڵێت، هەندێک کات دەکرێت هەمان ناو بە کورتکراوەیی بەکاربهێندرێت بە بەکارهێنانی (شێر، درەخت و هەوجاڕ)، "کاریگەریی هەر پێنج ناوەکە ئەوە بووە کە ناوی سەرجۆن بۆ هەمیشەیی لە ئاسمان بمێنێتەوە و رێگەیەکی ژیرانە بووە تاوەکو ناوی پاشا هەر بە نەمری بمێنێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە