یەکێتی لە دیالە داوای "هاوبەشیی راستەقینە" دەکات

08-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تائێستا گرێکوێرەی پۆستی پارێزگاری دیالە نەکراوەتەوە. نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە، داوای "هاوبەشیی راستەقینە" دەکات.
 
کۆبوونەوەی ئەنجوومەن و هەڵبژاردنی پارێزگاری دیالە پێویستی بە نۆ دەنگە، شیعەکان لەسەر بەربژێرێک بۆ پۆستی پارێزگار ناکۆکن. ئەوس مەهداوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رۆژی چوارشەممە 8ی ئایاری 2024 بە رووداوی گوت، "گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بەردەوامە لەبارەی ئەو پۆستە و رێکنەکەوتوون؛ بەڵام خەریکە ئاسۆی نوێ بۆ رێککەوتن دەردەکەوێت."
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە 15 ئەندام پێکدێت، شیعە حەوت، سوننە حەوت و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەک کورسی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.  
 
بە گوتەی مەهداوی، کە نوێنەری یەکێتییە لە ئەنجوومەنەکە، دەوڵەتی یاسا داوای ئەو پۆستە دەکات و خەلیفە تەمیمی بەربژێر کردووە؛ بەڵام رێکخراوی بەدر ئەو پۆستە بە ماف و بەرکەوتەی خۆی دەزانێت، بۆیە دۆخەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
 
سەبارەت بە پشکی  کورد لە پارێزگاکەدا، مەهداوی کە بە نەتەوە عەرەبە، دەڵێت، "داوای هاوبەشیی راستەقینە دەکەین لە بەڕێوەبردنی پارێزگاکە، داوای جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەرێکی گشتی دەکەین، دەبێت لە پۆستە ئەمنییەکانی پارێزگاکە پشک و بەرکەوتەمان هەبێت."
 
رۆژی 18ی کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، لە 28ى كانوونى 2024، ئەنجامى کۆتایی لەلایەن دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن پەسند کرا؛ بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە، نەتواندراوە پۆستى پارێزگارى دیالە و کەرکووک یەکلایی بکرێنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە