400 پۆستی کورد لە حکومەتی عێراق بە بەتاڵی ماونەتەوە

08-06-2020
نەهرۆ محەممەد
پەرلەمانتارانی کورد خۆیان دەڵێن ناکۆکی لایەنە کوردستانییەکان و جیددی نەبوونی بەرپرسانی عێراق، یەکلاییکردنەوەی ئەو پۆستانەی دواخستووە
پەرلەمانتارانی کورد خۆیان دەڵێن ناکۆکی لایەنە کوردستانییەکان و جیددی نەبوونی بەرپرسانی عێراق، یەکلاییکردنەوەی ئەو پۆستانەی دواخستووە
A+ A-


رووداو – هەولێر

نزیکەی 400 پۆستی کورد لە بەغدا، لە بریکاری وەزارەت، بەڕێوەبەری گشتی، بەڕێوەبەری دیوان و پۆستەکانی دیکە بە بەتاڵی ماونەتەوە و بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن. پەرلەمانتارانی کورد خۆیان دەڵێن ناکۆکی لایەنە کوردستانییەکان و جیدینەبوونی بەرپرسانی عێراق، یەکلاییکردنەوەی ئەو پۆستانەی دواخستووە.  

لە کۆی 4300 پۆستی بریکار و بەڕێوەبەری گشتی لە عێراقدا پۆستەکانی کورد ناگاتە 20 پۆست، لەکاتێکدا کورد لە پەرلەماندا 18٪ پێکدەهێنێت و دەبێت لە دامودەزگاکانی دەوڵەتیش 18٪ پۆستەکان بۆ کورد بن. 

بەشار کیکی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت: "هاوسەنگی لە پۆستەکاندا زۆر گرنگە، تاوەکو ئێستا کورد تەنیا چاوی لە پۆستە وەزارییەکان بووە، نەک پۆستەکانی خوارتر، لەکاتێکدا ئەو پۆستانە زۆر گرنگن". 
 
کیکی داوادەکات کورد لە بەغدا یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بێت. داوایەکی دیکەشی ئەوەیە "پارتی و یەکێتی لە دابەشکردنی پۆستەکان گرنگی بە لایەنە کوردستانییەکانی دیکە بدەن و بەش و پشکی ئەوانیش بدرێت". 


گرنگترین ئەو پۆستانەی بەر کورد دەکەون و  دەسەڵاتی فیدراڵییان هەیە، نوێنەری کوردە لە کۆمپانیای سۆمۆ، جێگری دەستەی دەستپاکی، بریكارى وەزارەتەكانى بازرگانى و تەندروستى و سوپاسالاری عێراق.
هەروەها بەشێک لە پۆستەکانی فەرمانگەی بودجەی وەزارەتی دارایی، كۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و چەندین پۆستی سەربازی، دارایی، کشتوکاڵی، تەندروستی و بازرگانى هەن کە پشکی کوردن. 

جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، پشکی کورد لە پۆستەکانی عێراق 1٪ تێپەڕناکات، "لەکاتێکدا  عێراق لەسەر بنەمای تەوافق و هاوسەنگی و هاوبەشی بونیادنراوە".

پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو لە هەڵوێستی پارتی و یەکێتی بەرامبەر حیزبەکانی دیکە نیگەرانە لە بەغدا و دەڵێ: "نابێ پارتی و یەکێتی تاکلایەنە بۆ خۆیان بچنە بەغدا بۆ پۆست و پلە، بەڵکو دەبێت کورد یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن لەسەر ئاستی باڵا و کەسی یەکەمی لایەنەکان سەردانی بەغدا بکەن و ئەو بابەتانە یەکلایی بکەنەوە".

لە مانگی حوزەیرانی 2019 پەرلەمانی عێراق ماوەی مانگێکی بۆ کابینەی پێشوو دەستنیشانکرد بۆ تەواوکردنی کابینەکە و پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان لە حکومەتی عێراق. مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی کابینەی نوێی عێراق، کە رۆژی 6-6-2020 پەرلەمان متمانەی دایە تەواوی کابینەکەی و هەموو وەزارەتەکان پڕکرانەوە، رایگەیاندووە هەموو پۆستە بەتاڵەکانی دیکەش پڕدەکرێنەوە و کۆتایی بە بەڕێوەبردنی بەوەکالەت دەهێنێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە