ئەمیندارى کەتائیبی سەیدولشوهەدا: لووتبەرزیی ئیسرائیل دەشکێنین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی کەتائیبی سەیدولشوهەدای عێراقی، هەڕەشەی وەڵامێکی سەربازیی "بەهێز و هاوبەش" لە ئیسرائیل دەکات و رایدەگەیێنێت، بەرەی مقاوەمە ئامرازی گرنگی بۆ وەڵامدانەوەی تووندی ئیسرائیل لەبەر دەستە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، ئەبوئالا وەلائی لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی "ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی موقاوەمەی ئیسلامی" کردووە، داوای کردووە وەڵامی ئەو هێرشانە بدرێتەوە کە ئیسرائیل دەیکاتە سەر لوبنان. وەلائی دەڵێت، ئیسرائیل "ئاگربەستی شکاندووە و خەڵکی سڤیلی کردووەتە ئامانج" بۆ ئەوەی "شکستە مێژووییەکەی" لە بەرامبەر ئێران و بەرەی موقاوەمە لە جەنگی "بەڵێنی راستەقینە 4" بشارێتەوە.
 
"وەڵامێکی هەژێنەر"
 
ئەمینداری گشتیی کەتائیبی سەیدولشوهەدا جەختی لەسەر پێویستیی وەڵامدانەوەیەکی هاوبەش کردووەتەوە و رایگەیاندووە، "دەبێت قەوارەی داگیرکەر باجی ئەم کارانەی بدات بە وەڵامێکی یەکگرتوو و هەژێنەر لەلایەن سەرجەم هێزەکانی بەرەی موقاوەمەوە." دەشڵێت، "لووتبەرزیی" ئیسرائیل دەشکێنن.
 
لە راگەیێندراوەکەی دا، ئەبوئالا وەلائی تەنیا هێرشی نەکردووەتە سەر ئیسرائیل، بەڵکو هەڕەشە لەو وڵاتانەش دەکات کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە. وەلائی ئاماژەی بەوە کردووە کە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بە "کراوەیی" دەمێنێتەوە و دەبێت شەڕەکە دژی ئەو وڵاتانەش بێت کە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلیان تێدایە، بەتایبەتی ناوی هەریەکە لە "ئیمارات و بەحرێن"ی هێناوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی دوو هەفتەیی رێککەوتن. هەروەها بڕیارە رۆژی هەینی، 10ی نیسانی 2026، دانوستاندن لە نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکات.
 
بەڵام هەر ئەمڕۆ، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رەتی کردەوە کە شەڕی دژی حیزبوڵڵا لە لوبنان بەشێک بێت لە ئاگربەستەکە و ئەمڕۆش فڕۆکەکانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی لوبنانیان بە چڕی بۆردوومان کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە