یونیتاد بەڵگە لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن داعشەوە لە تازەخورماتوو کۆدەکاتەوە

08-06-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی تیمی لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگەن لەسەر دروستکردن و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن داعشەوە لە عێراق، هەروەها بەکارهێنانی تووندوتیژی لەلایەن گرووپەکەوە لەسەر بنەمای رەگەز و ئەنجامدانی تاوان دژی منداڵان، موسڵمانانی سوننە و شيعە، کرستیان و ئێزدییەکان. 
 
رۆژی چوارشەممە، کریستیان ریچەر، بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی گوت، کاتێک لە ئایاری ئەمساڵ سەردانی شارۆچکەی تازەخورماتووی لە باشووری کەرکووک کرد، بینیویەتی کە رزگاربووانی هێرشە کیمیاییەکەی ساڵی 2016 داعش بۆ سەر شارۆچکەکە، هێشتا کاریگەریی گەورەی هێرشەکەیان لەسەر ماوە. 
 
ریچەر ئاماژەی بەوەکرد، لێکۆڵینەوە لە چەکە کیمیاییەکانی داعشیان کردووەتەوە کاری لە پێشینە. 
 
سەرۆکی تیمی لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "داعش چەندین مادەی کیمیایی کردووە بە چەک و لە شێوەی مووشەک، هاوەن و بۆمبی کیمیاییدا لە تازەخورماتوو بەکاریهێناون، کە بەر گەڕەکە سڤیلنشین و کێڵگە کشتوکاڵییەکان کەوتوون".
 
هێرشەکەی سەر تازەخورماتوو بە یەکەم هێرشی کیمیایی دادەنرێت لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرابێت. لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، "زیاتر لە شەش هەزار دانیشتووی ناوچەکە بریندارببوون و دوو منداڵ چەند رۆژێک دوای بەرکەوتنیان گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆری رزگاربووان تاوەکو ئێستاش بەدەست زیانە بەردەوام و درێژخایەنەکانییەوە دەناڵێنن". 
 
ریچەر روونیکردەوە، تیمەکەی "تێڕوانینی پسپۆڕانە و شرۆڤە لەسەر ئەو چەک، پاشماوە و مادانە دابیندەکەن" کە لە تازەخورماتوو کۆکراونەتەوە. هەروەها گوتیشی: "قەبارەیەکی بەرچاوی بەڵگەی گۆڕەپانی جەنگ، لە نێویاندا تۆماری مووچەی داعش و پەیوەندییەکانیان دۆزراونەتەوە. ئەوە رێگە بە تیمەکەمان دەدات کەسانی تێوەگلاو دەستنیشان بکات و بزانێت چ پەیوەندییەکیان بە سەرکردە باڵاکانی داعشەوە هەبووە."
 
ساڵی 2014، داعش هێرشیکردە سەر عێراق و ناوچەیەکی بەرفراوانی کۆنترۆڵکرد و دەوڵەتی خەلافەتی راگەیاند. دوای سێ ساڵ لە شەڕی خوێناوی کە بووە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و وێرانبوونی شارەکان، بەزاندنی رێکخراوەکە بە شێوەیەکی فەرمی لە ساڵی 2017 لە عێراق راگەیێندرا، بەڵام شانە نووستووەکانی لە ناوچە جێناکۆکەکانی عێراق هێشتا بەردەوامن لە ئەنجامدانی هێرش. 
 
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەدان بە لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش، ناسراو بە یونیتاد، کە ریچەر سەرکردایەتیی دەکات، لە ساڵی 2017 لە لایەن ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان پێکهێنرا تاوەکو تاوانکارانی داعش بدۆزرێنەوە و دادگاییبکرێن. بۆ ئەو مەبەستەش، لە نزیکەوە لەگەڵ دادگاکانی عێراق کاردەکەن. 
 
راپۆرتێکی یونیتاد لە ئایاری 2021 گوتی، داعش "چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی لەسەر زینداییەکان تاقیکردوونەتەوە وکە بووەتە هۆی مردنیان،" و لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی دەستیپێکردووە. 
 
ریچەر دڵنیایی بە ئەنجوومەنی ئاسایش دا کە "هیچ کەموکوڕییەک لە بەڵگەکانی تاوانەکانی داعش لە عێراقدا نییە،" چونکە بە گوتەی خۆی، داعش "سیستمێکی بەڕێوەبردنی هاوشێوەی وڵاتانی هەبووە بۆ تۆمارکردنی کارەکانی". 
 
ریچەر هەروەها گوتیشی، بە سەرکردایەتیی تیمەکەیان، هەشت ملیۆن لاپەڕە لە بەڵگەنامەکانی داعش کراونەتە دیجیتاڵ کە لەلایەن دامودەزگەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەڵگیراون، وەکو هەنگاوی داهاتووش، یونیتاد ئەرشیفێکی ناوەندی دروستدەکات "کە دەبێتە کۆگەیەکی یەکخراوی هەموو بەڵگە دیجیتاڵییەکانی دژی داعش."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە