دوو دادوەر بۆ کێشەکانی کوردانی فەیلی دادەمەزرێندرێن

08-06-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن کوردی فەیلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆنگرەی گشتیی نیشتمانیی کوردی فەیلی رایگەیاند، ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق رەزامەندی داوە بە دامەزراندنی دوو دادوەر بۆ کاروباری کوردی فەیلی لە دادگەی رەسافە لە بەغدا. دەشڵێت "ئەو دوو دادوەرە لەسەر دۆسیەی بێسەروشوێنانی کوردانی فەیلی و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵیان، کاردەکەن.
 
تاریق مەندەلاوی، سەرۆکی کۆنگرەی گشتیی نیشتمانیی کوردی فەیلی شەوی (چوارشەممە، 7-6-2023) بە رووداوی گوت "دوای پێشنیازەکەی ئێمە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی دادگەیەکی تایبەت بە کاروباری کوردانی فەیلی، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی دوو دادوەر بۆ پرسی کوردانی فەیلی دا".
 
روونیشیکردەوە "کارەکانی دادوەری یەکەم تایبەت دەبێت بە کوردانی فەیلی بێسەروشوێنکراو، ئێستا لە رێگەی دادگەکە و دوو شاهێدەوە یەکسەر ئەو کەسانەی لەسەردەمی رژێمی بەعس بێسەروشوێن کران بە شەهید هەژمار دەکرێن، چونکە ئێستاش لە تۆمارەکاندا بە زیندوو هەژماردەکرێن. دادوەری دووەمیش لەبارەی بڕیارەکانی پێشووی بەعس بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە موڵک و ماڵی کوردی فەیلییەوە هەیە، کاردەکات".
 
تاریق مەندەلاوی، سەرۆکی کۆنگرەی گشتیی نیشتمانی کوردی فەیلی، ئاماژەی بەوەش کرد، بەڕێوەچوونی "کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی گەلی کوردستان-جینۆسایدی کوردی فەیلی"، کە لە رۆژانی 2 تاوەکو 4ـی ئایاری 2023 لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، رۆڵی لە چالاککردنی حکومەتی عێراق هەبووە لە پرسەکانی تایبەت بە کوردی فەیلی و گوتی" بەناوی فەیلییەکانەوە سوپاسی هەموو خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی کورد دەکەین".
 
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 500 ھەزار کوردی فەیلی لە بەغدا دەژین، فەیلییەکان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەم لە سەردەمی حکومەتی بەعس و هەم لە دوای ساڵی 2003ـەوە، رووبەڕووی نەهامەتیی زۆر بوونەتەوە، بەپێی دوایین ئاماریش زیاتر لە 20 هەزار کوردی فەیلی لە سەردەمی حکومەتی بەعسدا ئەنفالکراون. لە دوای 2006ـیشەوە بەردەوام "هەڕەشەی تیرۆریان" لەسەر بووە، بۆیە هەمیشە جەخت لەسەر پاراستنی مافەکانیان دەکەنەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە