دامەزراوەی شەهیدان: داوای لیستی بریندارانی پێشمەرگەمان بۆ قەرەبووکردنەوە کردووە، بەڵام پێمان نەگەیشتووە

08-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دامەزراوەی شەهیدانی عێراق رایگەیاند، بڕی 300 ملیار دیناری لە کۆی ئەو 900 ملیارە بۆ تەرخانکراوە کە داوایکردووە. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا زانیارییەکانی تایبەت بە بریندارانی پێشمەرگەیان لە هەرێمی کوردستانەوە پێنەگەیشتووە بۆئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە، داواش دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لەوبارەیەوە هاوئاهەنگ بن.
 
رۆژی پێنجشەممە 08-06-2023، تاریق مەندەلاوی، بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدانی قوربانییانی کردە جەنگی و هەڵە سەربازی و کردە تیرۆریستییەکان لە دامەزراوەی شەهیدانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەرێمی کوردستان یاسایەکی خۆی هەیە کە یاسای شەهیدان و ئەنفالکراوانە و کاروباری شەهیدان و بریندارەکانی لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستانە، سەرجەم شەهیدان و زیندانییە سیاسییەکان لەلای ئێمە تۆمارن."
 
سەبارەت بە شەهیدانی قوربانییانی کردە جەنگی و هەڵە سەربازی و کردە تیرۆریستییەکان، تاریق مەندەلاوی ئاماژەی بەوە کرد، "شەهیدانمان پۆلێن کردووە، لەوانەش ئەو شەهیدانەی بەهۆی تەقینەوەکانەوە شەهید بوون، شەهیدانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و دەزگای دژەتیرۆر و بریندارەکانیان، شەهیدانی فەرمانبەران و ئەوانەی بەهۆی تەقینەوەی باڵەخانەکانی دەوڵەتەوە شەهید بوون، جگە لە بریندارانی پێشمەرگە، بەڵام سەرباری داواکردنی ناوەکان لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا داتاکانی هەرێمی کوردستانمان بۆ نەهاتووە، بۆیە دەبێت لەوبارەیەوە هاوئاهەنگی بکرێت."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "مادەی 132ی دەستووری عێراق باسی ئەوەی کردووە، دەوڵەت چاودێریی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و زیانلێکەوتووان بەهۆی رەفتارە ستەمکارەکانی رژێمی دیکتاتۆری رووخاو دەکات. مادەی دووەمیش دەڵێت، دەوڵەت دەبێت قەرەبووی برینداران بکاتەوە و لەو پێناوەدا یاسای ژمارە 20ی ساڵی 2009ی پەسند کردووە، کە دەبێت یەک یاسا بۆ هەموو شەهیدان و برینداران لە عێراقدا هەبێت."
 
سەبارەت بە بودجەکەیان تاریق مەندەلاوی روونیدەکاتەوە، "لە یاسای ئاسایشی خۆراک داوای 900 ملیار دینارمان بۆ دامەزراوەی شەهیدان کرد، بەڵام تەرخانکراوەکان 300 ملیار دینار بوو، ئەوەش یەک لەسەر سێی ئەو بڕە بودجەیە کە داوامان کردبوو، بۆیە داواکارین بودجەی نوێ بۆ دامەزراوەی شەهیدان خەرج بکرێت بۆئەوەی پابەندبوونەکانی بەرامبەر کەسوکاری شەهیدان بەجێبگەیێنێت، لەپێناو قەرەبووکردنەوەیان بەهۆی ئەو زیانانەی لێیان کەوتووە و قەرەبووکردنەوەیەکی گونجاو بێت، لەنێویشیاندا قەرەبووکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کە بەرگرییان لە عێراق کردووە."
 
باسی رەهەندە یاساییەکەی ئەو پرسەشی کرد و گوتی، "ئێمە لەبەردەم مادەیەکی دەستووری و ژمارەیەک یاسای بەرکارین کە وادەکات پابەندبوون بکەوێتە سەر دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری و دەبێت جێبەجێی بکەن، چونکە خوێنی شەهیدان بوو وایکرد ئێمە لە ئاشتیدا بژین و شارەکان لە چەکدارانی داعشی تیرۆریست رزگار بکرێن."
 
دامەزراوەی شەهیدانی عێراق چوار بەڕێوەبەرایەتیی هەیە، کە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شەهیدانی تاوانەکانی حیزبی بەعس، فەرمانگەی شەهیدانی حەشدی شەعبی و بریندارەکانی، فەرمانگەی شەهیدانی قوربانییانی کردە جەنگی و هەڵە سەربازی و کردە تیرۆریستییەکان، فەرمانگەی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکانە، دامەزراوەکە لە ساڵی 2005ـەوە دامەزراوە، سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، بایەخ بە دۆخی کەسوکاری شەهیدان و برینداران دەدات و لەلایەن عەبولئیلاهـ نائیلییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە