رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، کێشەی رادەستکردنی گەنمی جووتیارانی سنووری مەخمور چارەسەرکرا و رەزامەندی وەرگیراوە بۆ ئەوەی جووتیاران گەنمەکانیان ببەنە سایلۆکانی تەلەعفەر و تەل عەبتە و لەوێ رادەستی بکەن.
شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە، 08-07-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە هەوڵی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەزیری بازرگانی و نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق؛ رەزامەندی وەرگیراوە بۆ ئەوەی جووتیارانی سنووری مەخموور گەنمەکانیان ببەنە سایلۆکانی تەلەعفەر و تەل عەبتە و لەوێ رادەستی بکەن.
لێدوانی ئەم پەرلەمانتارە لە کاتێکدایە، رۆژی 05-07-2023، بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو بەدواداچوونی بۆ کێشەی جووتیارانی کورد لە سنووری مەخموور کرد و گوتی، هەزار و 100 بارهەڵگر لە نۆرەدان بۆ ئەوەی گەنمەکەیان رادەستی سایلۆی مەخموور بکەن.
مەحموود سەعید، یەکێک شۆفێرەکان بە رووداوی گوت، "ئێمەش تێناگەین بۆ وامان لێدەکەن و هەرچەند دەپاڕێینەوە کێشەکەمان چارەسەر ناکەن."
چۆلی محەممەدی هاونیشتمانییش گوتی، "زیاتر لە 400 تۆن گەنمم پێ بووە؛ 90 تۆنم رادەست کردووە و ئێستا دەڵێن لە سایلۆ شوێن نەماوە."
تاوەکو گەنمەکە درەنگتر وەربگیرێت، خەرجیی سەر جووتیارەکە زیاتر دەبێت. سلێمان حەمەد، جووتیارێکی کەندێناوەیە و بڕی 111 تۆن گەنمی هەیە و بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ دەبێتە 26 رۆژ گەنمەکەم لە نۆرەدایە، لێکی بدەرەوە، دەکاتە چەند کە شەوانە 100 هەزار دینار دەبێت بدەمە شۆفێر. وەڵڵا پارەم قەرز کردووە بۆ کرێی لۆری و پارەی شەوانە."
سایلۆی مەخموور 205 هەزار تۆن گەنم دەگرێت، بە جووتیاران گوتراوە شوێنیان نەماوە و ئەو بڕەیان وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ