کێشەی ئاوی خواردنەوەی بەسرە گەیشتووەتە لووتکە؛ 'بەکەڵکی خۆشوشتنیش نایەت'

08-07-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە دەڵێت، سوودانی لە سەردانەکەیدا بۆ پارێزگاکەیان، "بە گوژمەی 5 تریلیۆن دینار بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەکی گرنگی لە کەرتی ئاو داناوە."
سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەسرە رۆژی 2ی ئەم مانگە بوو، کە بەگوێرەی نووسینگەکەی، سەردانەکە بۆ بەدواداچوون بووە بۆ بابەتی ئاوی خواردنەوەی پارێزگاکە.
جەعفەر حەجاج، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە بە رووداوی راگەیاند، "یەکێک لە پڕۆژەکان تایبەتە بە ئاوی خواردنەوەی پارێزگاکە، کە بەشێکی گەورەی کێشەی کەمئاویی ماڵان چارەسەر دەکات."
لەبارەی سوودی بەردانەوەی بڕێکی زیاتری ئاوی دیجلە لەلایەن تورکیاوە، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە گوتی، "بە دڵنیاییەوە کاریگەریی ئەرێنیی دەبێت، ئەو بڕە ئاوە زیادەیەی بەردەدرێتەوە، دەتوانێت پاڵ بە ئاوە سوێرەکەوە بنێت و تێکەڵی دەریای بکات."
وەکو جەعفەر حەجاج ئاماژەی پێدەکات، "ئاوی بەسرە هێندە سوێر بووە، بەکەڵکی هیچ شتێک نەماوە، تەنانەت بووەتە هۆکاری مردنی بەشێک لە ماسییەکانیش. سەرۆککوەزیرانیش بڕیاری دا چارەسەرێکی خێرای بۆ بدۆزرێتەوە."
محەممەد جابری، چالاکڤانی سیاسی لە پارێزگاکە بە رووداوی گوت، "سەردانەکەی سوودانی زیاتر وەکو بانگەشەی هەڵبژاردن بوو، نەک چارەسەری کێشەکان، چونکە کێشەکان زۆرن و ئەو پڕۆژانەش سەرۆکوەزیران رایگەیاندوون، زیاتر لە سێ بۆ شەش ساڵیان پێویستە تاوەکو تەواو دەکرێن، خەڵکی بەسرەش بەرگەی ئەو چاوەڕوانییە ناگرن."
جابری دەڵێت، زۆرینەی دانیشتووانی بەسرە لەبەر پیسیی ئاوی خواردنەوە، ناچارن رۆژانە ئاوی دەبە بکڕن، "چونکە ئەو ئاوەی دەگاتە بەشێکی زۆری ماڵانی بەسرە، تەنانەت بە کەڵکی خۆشوشتنیش نایەت."
جگە لە رووبارەکانی دیجلە و فورات، پێشتر هەردوو رووباری کارۆن و کەرخ کە لە ئێرانەوە دەگەیشتنە خاکی عێراق، دەڕژانە شەتولعەرەبەوە و بەوهۆیەوە رێگەیان نەدەدا ئاوەکەی سوێر بێت، بەڵام بەهۆی گرتنەوەی ئاوەکە لە لایەن ئێرانەوە، ئاوی رووبارەکە سوێر بووە و بۆ خواردنەوە ناشێت.
زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە بەسرە دەژین و بەشی زۆری ئەو خەڵکەش بۆ ئاوی خواردنەوە پشت بە چەند وێستگەیەکی حکومی و زیاتر لە 200 وێستگەی تایبەت دەبەستن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بووک و زاوایەک.

هاوژینی و جیابوونەوە لە عێراق کەمیکردووە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، لە تشرینی دووەمی 2025دا هاوژینی و جیابوونەوە بەراورد بە مانگی پێشتر کەمیکردووە. مانگی رابردوو زیاتر لە 26 هەزار گرێبەستی هاوژینی و 5 هەزار جیابوونەوە تۆمارکراون.