عێراق
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق و هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لەکاتی قسەکردن لەگەڵ وەزیرەکە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی عێراق دەڵێت، لیژنە پێکهێندراوەکەی حکومەتی عێراق تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی پرسی نەوت و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سبەی کاژێر 12:30ی نیوەڕۆ کۆدەبێتەوە و هەوڵ دەدات لە نزیکترین کاتدا کاری پێویست بکات بۆئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆببێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تەممووزی 2025 لیژنەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی نەوت و مووچە لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکهێندرا.
لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانانە و هەریەکە لە بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن؛ خالید شوانی، وەزیری داد؛ ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی و نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تێیدا ئەندامن.
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق و ئەندامی لیژنەکە ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تەممووزی 2025 لەکاتی گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 08:00 بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی بەغدای تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، "سبەی چوارشەممە کاژێر 12:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ، لیژنەکەمان کۆدەبێتەوە بەو هیوایەی بگەینە ئەنجامێک کە ئەو کێشە (کێشەی مووچە) چارەسەر بکەین."
سەبارەت بەوەی بۆچی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیار لە ناردنی مووچە نەدرا، وەزیری دادی عێراق گوتی، "68 رۆژە مووچە دواکەتووە. ئەو کێشە تەکنیکییانە پێویستیان بە گفتوگۆی زۆرە و کات دەبات، بۆیە گوتمان با مووچەکە خەرج بکرێت؛ هاوتەریب لەگەڵ خەرجکردنی مووچەدا وردبیینییە پێویستەکان بکرێن و لایەنە تەکنیکییەکان چارەسەر بکرێن. رەنگە زەوینەکە لەبار نەبووبێت لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازەکە بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام هیوامان وایە لە کۆبوونەوەکەی سبەی کێشەکان بەرەو چارەسەرکردن بڕوات."
خالید شوانی داوا لە هەموو لایەک دەکات، بە بەرپرسیارێتیی زیاتر و نەرمی نواندنی زیاتر، لەپێناو بەرژەوەندیی زیاتر و بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەنگاوەکان بە ئاراستەی چارەسەرکردن بنێن، نەوەک قووڵکردنەوەی کێشەکان.
لەبارەی ئەوەی هیچ وادەیەک دیاریکراوە بۆئەوەی لیژنەکە ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە، خالید شوانی گوتی، "سبەی کۆبوونەوەمان هەیە. ئەگەر لە 24 کاژێر بۆ 48 کاژێر و تەنانەت ئەگەر رۆژی هەینیش بێت، هەر کاتێک گەیشتینە رێککەوتن، کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدەین؛ بۆیە هەرچی هەوڵی خۆمانە دەیخەینەگەڕ، بۆئەوەی لە ماوەیەکی کورت و لە نزیکترین کاتدا ئەم کێشە و کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەین."
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەکە دوای ئەوە هات کە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر دوو پێشنیازنامە کرد. یەکێکیان لەلایەن لایەنە فیدراڵییەکان و ئەوی دیکەیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکێش کرابوو.
نووسینگەی سوودانی دەڵێت، "پێکهێنانی لیژنەکە بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە کە تایبەتن بە پابەندییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەوانەش رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و پرسی مووچەی فەرمانبەران و بەجێکردن."
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەرکی لیژنەکە گفتوگۆکردنە لەسەر هەردوو پێشنیازنامەکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، دواتر راسپاردەکانی خۆی پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات تاوەکو "لە نزیکترین کاتدا" بڕیاری کۆتایی بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ