ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق: ژنێک سزادرا کە لە هەولێر بازاڕی بۆ مادەی هۆشبەر پەیدا کردووە

08-08-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق دەڵێت، ژنە بازرگانێکى مادەى هۆشبەر سزا دراوە کە گوتویەتی، لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بازاڕی بۆ مادەی هۆشبەر پەیدا کردووە.
 
8ى ئابى 2023، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد، دادگەى ناوەندى تاوان لە سەرۆکایەتیى دادگەى پێداچوونەوەى رەسافە لە بەغدا، سزاى ژنە بازرگانێکى مادەى هۆشبەرى دا بە پێنج ساڵ زیندانیکردن.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو ژنە لە بازگەى شەعب لە بەغدا بە 100 گرام مادەى هۆشبەرى کریستاڵەوە دەستگیر کراوە کە ویستویەتى بیباتە نێو شارکەوە بە مەبەستى فرۆشتنى بە بەکاهێنەرانى مادەى هۆشبەر.
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق رایگەیاندووە، ئەو ژنە گوتوویەتی، لە نێو شوقەکەی لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بازاڕی بۆ مادەى هۆشبەر پەیدا کردووە و فرۆشتویەتى.
 
سزاى سەر ئەو ژنە بە گوێرەى بڕگەى یەکەمى مادەى 28ى یاساى مادە هۆشبەرەکان و کاریگەرییە دەروونییەکانى عێراق دەبێت کە تایبەتە بە تاوانى هەڵگرتن و بازرگانیکردن بە مادەى هۆشبەر و سزاکەى زیندانیکردن و پێبژاردنە کە بڕەکەى لەنێوان 10 بۆ 30 ملیۆن دیناردایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە