رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بە رووداوی راگەیاند لەسەر هێرشەکەی بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، فەرماندەی فەوجی هەواڵگریی حەشدی شەعبی و سێ چەکداری دیکە دەستبەسەرکراون.
شێخ عەواد جغێفی، راوێژکاری فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ کاروباری ئەنبار، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 08-08-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە تۆمەتی تێوەگلان و ئاگاداربوون لە هێرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد، دوو رۆژ لەمەوبەر لە روومادی (ناوەندی پارێزگاری ئەنبار) موقەدەم عاید عەتەڵڵا جغێفی، فەرماندەی فەوجی هەواڵگریی حەشدی هۆزەکان لە حەدیسە، لەگەڵ سێ چەکداری دیکە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی عێراقییەوە دەستگیرکراون.
راوێژکارەکەی فالح فەییاز دەڵی فەرماندە و سێ چەکدارەکە "ئێستا دەستبەسەرن و لەژێر لێکۆڵینەوەدان، هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێ دەستیان لە هێرشەکەدا هەبووبێت، بۆیە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین."
شێخ عەواد جغێفی رەتیکردەوە موقەدەم عاید عەتەڵڵا جغێفی و سێ چەکدارەکەی دیکە لەلایەن هێزێکی ئەمریکییەوە دەستگیرکرابن، بەڵکو وەک باسی کرد، ''لەلایەن دەزگای هەواڵگریی عێراقەوە لە روومادی بانگکراون، دەستبەسەرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.''
شەوی دووشەممە، 05-08-2024 و بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، دووجار لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، لە نزیک شارۆچکەی بەغدادی لە پارێزگای ئەنبار.
دوو رۆژ دواتر بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی گوت "بە دوو مووشەک بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق کرایە ئامانج، حەوت ئەمریکی بریندار بوون، کە تەندروستیی هەموویان جێگیرە."
گرووپێک بەناوی سەورییون (شۆڕشگێڕان)، هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت، ئەو گرووپە خۆیان بە بەشێک لە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە.
دوای هێرشەکە، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە جۆری کیادا گرت. ئۆتۆمبێلەکە 8 مووشەکی لە کۆی ئەو 10 مووشەکەی لەسەر بوو، کە بۆ هێرشەکە ئامادەکرابوون، بەڵام لەلایەن تیمەکانی چارەسەریی ئەندازەییەوە هەڵوەشێندرانەوە."
ئەمە سێیەمجارە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا هێرش دەکرێتە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، بەڵام یەکەمجارە برینداری لێبکەوێتەوە. لە کۆتایی مانگی تەممووز چەند هاوەنێک ئاراستەی بنکەکە کران، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێنەکەوتەوە. دوو بەرپرسی ئەمریکی ئەوکات رایانگەیاند، هاوەنەکان بە بنکەکە نەکەوتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ