رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق لە دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق سکاڵا لە دژى سەرۆکى پەرلەمانی عێراق تۆمار دەکات، ئەویش بۆ هەڵوەشاندنەوەى دوو بڕگەى یاساى رێکخستنى کارى راوێژکاران، کە تایبەتە بە شێوازى دامەزراندنى راوێژکارانى پەرلەمان.
بەگوێرەى خشتەى کۆبوونەوەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، 20ى ئەیلوول ئەو دادگەیە تاوتوێى سکاڵایەک دەکات، کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران لە دژى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمان تۆماری کردووە و تێیدا تانەى لە چەند بڕگەیەکى یاساى رێکخستنى کارى راوێژکاران داوە.
سکاڵاکە لە دژى بڕگەى سێیەمى مادەى یەکى یاساکەیە، کە باس لەوە دەکات راوێژکارانى پەرلەمان بە مەرسوومى کۆمارى دادەمەزرێندرێن لەسەر بنەماى رەزامەندى پەرلەمان و راسپاردەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان.
هەروەها سوودانى تانەى لە بڕگەى پێنجى هەمان مادەى یاساکە داوە، کە هەر راوێژکارێک بەر لە دەرچوونى یاساکە دامەزرێندرابێت دانی پێدا دەنرێت.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بەتۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەگەر تانەکە پەسند بکرێت لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵییەوە، دەبێت یاساکە لە پەرلەمان هەموار بکرێتەوە، ئەگەر تانەش لە بڕگەیەکى هەموارکراوى یاساکە بدرێت و دادگەى باڵاى فیدراڵى پەسەندی بکات، راستەخۆ دەگەڕێتەوە سەر دەقى پێش هەموارکردنەکە."
یاساى رێکخستنى کارى راوێژکاران لەساڵى 2017 لە پەرلەمان دەنگى لەسەر درا، بەڵام 2ى کانوونى دووەمى 2023 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە و کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە لەپاش ئەوەى دادگەى باڵاى فیدراڵى لە 20ى کانوونى یەکەمى 2023 بڕیارێکى دەرکرد بۆ ناچارکردنى سەرۆکایەتى کۆمار بۆ ناردنى یاساکە بۆ رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى.
یاساکە ژمارەى راوێژکارانى پەرلەمان و سەرۆکایەتیى کۆمار و ئەنجوومەنى وەزیرانى بە شەش راوێژکار دیاریکردووە. بۆ وەزارەت و دەستە و دەزگاکانى دیکەش سێ راوێژکارى دیاریکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ