رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لەدوای رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو، ئەرشەد ساڵحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی پەیامێکی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە و تێیدا دەستپێشخەرییەک بۆ دانوستاندن و گفتوگۆ لەبارەی کەرکووکەوە دەخاتەڕوو. جگە لە چەند داواکارییەک لە سەرکردایەتیی کورد، داوا دەکات خۆپێشاندەران لەگەڵ پۆلیسی شارەکە نەکەونە گرژییەوە، چونکە بەقسەی ئەو زۆرینەی پۆلیس کوردن، داواش لە سەرکردایەتیی کورد دەکات کوردانی پارچەکانی دیکە لە ناوچەکە دەربکەن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 8-9-2023، ئەرشەد ساڵحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی، پەیامێکی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە کە لەدوای رووداوەکانی 27ـی مانگی رابردووەوە یەکەم پەیامە بەو روونییە، ساڵحی لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە رووداوەکانی کەرکووک دەخاتە ئەستۆی کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان.
لە پەیامەکەیدا کە ئاراستەی خەڵکی پارێزگای کەرکووکی کردووە، ساڵحی دەڵێت: "با پۆستەکانمان بە یەکسانی لەنێو خۆماندا بەش بکەین، با نامۆکان پارێزگاکەمان جێبهێڵن و شارەکەمان بۆ دانیشتووانە رەسەنەکەی بێت."
لە بەشێکی پەیامەکەیدا ئەرشەد ساڵحی ئاماژەی بە رابردووی پێکهاتەکانی شارەکە داوە و دەڵێت: "بونیادنانەوەی کەرکووک بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە دەتوانێت رێگری بکات لە هەژموونی رەگەزپەرستان و شۆڤێنیستان لە ئایندە، وەکو تورکمانێک وەبیرتان دێنمەوە و بۆ رابردوو دەتانگەڕێنمەوە، کاتێک سەدام حوسێن لە ساڵی 1988 بە بیانووی ئەنفال هێرشی کردە سەر گوندی کوردان، سەرجەم کەلوپەل و پێداویستیی و ئاژەڵی ئەو گوندنشینانە لە بازاڕەکان مەزاد کرابوون، ئێمە لەسەر بنەمای باوەڕبوون بە برایەتیی نێوانمان، زانایانی ئاینی تورکمان رایانگەیاند لەرووی ئاینییەوە رێگەپێدراو نییە ئەو کەلوپەل و ئاژەڵانە بکڕدرێن، چونکە ئەمە سامانی فەرهودکراوی گەلێکی ستەملێکراوە."
هەروەها دەڵێت: "دواتر لە ساڵی 1991 تورکمانەکان لە ئاڵتون کۆپری و دۆمیز لەسێدارەدران و کوردیش لەبەردەم چێشتخانەی نەجات لە ناوچەی شۆرجە لەسێدارەدران و هەمان چارەنووسیان هەبوو، واتە ئێمە پێکەوە خوێنمان رشتووە."
ئەو پەیامەی ساڵحی لەکاتێکدایە لە 27ـی ئابی 2023ـەوە بەشێک لە تورکمان و عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکیی شارەکەیان لەگەڵ هەولێر داخست. ئەوان دژى رادەستکردنەوەى بارەگاى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستانن لەو شارە کە ئێستا بارەگاى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووکە.
بەهۆى ئەو رێگە داخستنەوە، رۆژی 2-9-2023 ژمارەیەک هاونیشتمانیی کوردی کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد. خۆپێشاندانەک گرژیی تێکەوت و چوار خۆپێشاندەر بە گولـلە گیانیان لەدەستدا و 16ـی کەسی دیکەش برینداربوون.
سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی باسی ئەوە دەکات کە 10 ساڵ لە بەندیخانەی ئەبوغرێب لەگەڵ ژمارەیەک کورددا بەندکراوە و ئێستا پەیوەندییان بەیەکەوە ماوە و دەڵێت: "دوای 40 ساڵ دەمانەوێت دیسان بجەنگین لەپێناو شتگەلێکی بێ بنەما، پێکەوە لەدژی داعش شەڕمان کرد و خوێنمان رشت."
ئەرشەد ساڵحی، لە پەیامەکەیدا روو لە سەرکردایەتی کوردستان دەکات و دەڵێت: "ئەگەر دەتانەوێت مافی کورد لە کەرکووک و هەرێم بپارێزن، پێویستە کوردانی سووری و ئێرانی و تورکیا لە ناوچەکانمان دەربهێنن (ئەوانەی لە شۆرجە سووکایەتییان بە ئاڵای عێراق کرد کوردانی ناوچەی شۆرجە نەبوون)، بەڵکو بریتیبوون لە ژمارەیەک لاوی بیانی کە هەوڵی ئەوەیاندا پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دروست بێت، تکا دەکەم بەگژ پۆلیس مەچوون، چونکە هێزی پۆلیس لە کەرکووک زۆربەیان کوردن، پێویستە رێگربین لە رشتنی خوێنی یەکتر."
شەوی پێنجشەممە، 7-9-2023، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە دوو کەسیان بە تۆمەتی سووتاندنی ئاڵای عێراق لە شاری کەرکووک دەستگیرکرد، بەڵام هێشتا بەتەواوەتی روون نەبووەتەوە ئەوان ئاڵای عێراقیان سووتاندووە یان نا.
ساڵحی پەیامەکەیدا هێرش دەکاتە سەر پەکەکە و پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دەڵێت: "پارتە کوردستانییەکان سەرجەمیان لە حکومەتی ناوەند پارە وەردەگرن، باشە بۆچی پاڵپشتی لە پارتێکی تورکیا پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەن کە دەیانەوێت مافەکانتان بەفێڕۆ بدەن، دەمەوێت بە هەولێر بڵێم؛ بۆچی رێگە دەدەن بە بوونی هێزی چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە خاکەکەتان و پاڵپشتی داراییان دەکەن لە بڕی ئەوەی ئەو پارەیە بۆ گەلی کورد تەرخان بکەن."
پەرلەمانتارە تورکمانەکەی پارێزگای کەرکووک، لە کۆتایی پەیامەکەیدا باسی نەوتی کەرکووک دەکات و دەڵێت: "ئامۆژگاریم ئەوەیە وەرن نەوتی کەرکووک بکەن بە نیعمەت بۆ دانیشتووانەکەی، با پۆستەکانمان بە یەکسانی لەنێو خۆماندا بەش بکەین، با نامۆکان پارێزگاکەمان جێبهێڵن و شارەکەمان بۆ دانیشتوانە رەسەنەکەی بێت."
رۆژی هەینی، 8-9-2023، ئیدریس حاجی عادل، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 18ی رۆژھەڵاتی کەرکوکى یهكێتى نیشتیمانى كوردستان لەبارەی پەیامەکەی ئەرشەد ساڵحییەوە بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەستدەکەین ئەم پەیامەی ئەمجارەی لە پەیامەکانی پێشووی جیاوازە، ئومێد دەکەین ئەو تێڕوانینە تێڕوانینی تورکمانەکان بێت، بۆیە من داوا لە سەرکردایەتیی کورد دەکەم بەدەم داواکەیەوە بچن و بزانین چی نوێی هەیە."
ئیدریس حاجی عادل گوتی: "تورکمانەکانی کەرکووک کە بەداخەوە لەگەڵ عەەربە شۆڤێنییەکان و بەشێکی بەعسییەکان لە دژی کورد هاوپەیمان بوون، ئێستا هەستدەکەن عەرەبیش بایەخیان پێنادەن و ناتوانن ئەوەی دەیانەوێت لەسایەی دەسەڵاتی ئێستای کەرکووک بیکەن، بۆیە رەنگە پەشیمانبوونەوە بێت لە هەڵوێستەکانی رابردوویان کە ئەگەر وابێت باشە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەرشەد ساڵحی داوا دەکات کە هەمووان خۆیان لە ئاژاوە دووربخەنەوە و دەڵێت: "داوا دەکەم خۆتان لە فیتنە و ئاژاوە بەدووربگرن چونکە ئێمە پێکەوەین، قوتابخانەکانمان، دامەزراوەکانمان و تەنانەت هۆزەکانیشمان تێکەڵی یەکتربوون بوار بە دوژمنانی کورد و تورکمان و عەرەب و مەسیحییەکان مەدەن، ئێوە لە هەمووان باشتر دەزانن ئاوارەیی و راگوازرانەوە زۆر سەختە، رێگە مەدەن خەڵکی کەرکووک بۆ ناوچەکانی دیکە ئاوارەبن، وەرن با پێکەوە سوود لە ئەزموونە تاڵەکانی پێشوو وەربگرین، بیرتان دێت چۆن یەک بووین و بەسەر داعشدا سەرکەوتین؟ لەو پێناوە شەهیدمان دا وەکو شەهید شێرکۆ لە کورد، مونیر قافلی لە تورکمان و محەممەد خەلیل لە عەرەب. بیرتان ماوە چۆن لە پەتای کۆرۆنا یەکمان گرت؟ لە رەحیماوەوە بوتڵی ئۆکسجینمان بۆ موسەڵڵا و عروبە دەگواستەوە، بیرتان ماوە چۆن دەرمانمان لەدەرەوەی وڵات دەهێنا؟ ئەمانە هەموویان بۆ چی بوون؟ بێگومان بۆ ئەوەی کەرکووک ببێ بە ئایندەمان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ