گوتەبێژی سوودانی بۆ رووداو: عێراق کۆتایی بە هەڕەشەی داعش هێناوە

08-10-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق دەڵێت، محەممەد شیاع سوودانی هەمیشە هەوڵ دەدات "عێراق لە رێگەی رۆڵی دیپلۆماسییەوە ببێتە بەشێکی گرنگ لە هێورکردنەوەی ئەو قەیرانانەی لە ناوچەکەدا هەن؛" ئاماژە بەوەش دەکات، عێراق کۆتایی بە هەڕەشەی داعش هێناوە و بەرەو بنیاتنانی توانای سەربازیی خۆی هەنگاو دەنێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2025، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "حکومەتی عێراق رۆڵی نێوەندگیری بۆ چارەسەرکردنی هەندێک قەیرانی هەرێمی دەگێڕێت، چونکە بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا درکی بەوە کردووە کە پێویستە عێراق لە لێکەوتەکانی ململانێی نێوان هەندێک لایەنی هەرێمی و هێزی نێودەوڵەتی رزگاری بێت یان کاریگەرییەکانی کەمبکاتەوە."
 
بە گوتەی سەباح نوعمان، قەیران و ململانێ هەرێمییەکان کاریگەرییان لەسەر گۆڕەپانی ناوخۆی عێراق هەیە "چونکە عێراق پەیوەندیی فرەلایەنەی لەگەڵ زۆربەی وڵاتان هەیە."
 
وەک گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق ئاماژەی پێدەکات، سوودانی کۆمەڵێک "پلانی ستراتیژی" بۆ بەهێزکردنی توانا و ئامادەیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق داناوە، لەنێویاندا "پاڵپشتیکردنی بێسنوور بۆ بەهێزکردنی سەرچاوە مرۆییەکان، بنیاتنانی سیستمی ئەمنی و گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمەڵێک وڵات بۆ پڕچەککردنی هێزە ئەمنییەکانمان بە جۆرەها کەرەستە و چەک و فڕۆکە."
 
سوباح نوعمان گوتیشی: "عێراق توانیویەتی بە پشتبەستن بە پلانی ئامادەکراو لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە کۆتایی بە بوونی گرووپە تیرۆریستییەکان بهێنێت."
 
29ی مانگی رابردوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەردانێکی مەیدانی بۆ دۆڵی حۆران و بیابانی ئەنبار لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و جەزیرەدا کرد کە دەکەوێتە سنووری قەزای روتبە، بە دووریی 311 کیلۆمەتر لە روومادیی ناوەندی پارێزگای ئەنبار.
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق گوتی: "سەردانەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ دۆڵی حۆران و ناوچەکانی دیکەی ئەنبار، پەیامێکی روونی هەڵگرتبوو کە عێراق کۆتایی بە هەڕەشەی گرووپەکانی داعش هێناوە و بەرەو بنیاتنانی تواناکانی سەربازیی خۆی هەنگاو دەنێت، ئەمەش بە شێوەیەکی ئەرێنی لەسەر وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووریی وڵات رەنگدەداتەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە