رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق، کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەسەر کوشتنی مامۆستایەک بە رێککەوتنێک کۆتاییهات، کە تێیدا هۆزی ئەلبودەراج خوێنباییەکی بە بڕی 200 حوشتر دایە هۆزی بەنی عامر.
ئەحمەد سەعید، گوتەبێژی هۆزی بەنی عامر، ئەمڕۆ شەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رووداوەکە لە 24-1-2024 روویدا، کاتێک مامۆستا حامد جەواد، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک، قوتابییەک بەهۆی رەفتاری نەشیاوەوە سزا دەدات، کاتێک دەگەڕێتەوە ماڵەوە ئێوارەی هەمان رۆژ ئۆتۆمبێلێکی جۆری سلڤادۆر لەبەردەم ماڵەکەی خۆی دەیبەن".
بە گوتەی ئەحمەد سەعید، مامۆستاکە دەبەنە بنکەی پۆلیس و لەلایەن ئەفسەری بنکەکەوە ئەشکەنجە دەدرێت. دواتر بنکەی پۆلیس پەیوەندی بە کەسوکاری مامۆستاکەوە دەکەن و پێیان دەڵێن کە پێویستی بە دەرمان هەیە، کەسوکارەکەی دەچنە بنکەی پۆلیس، لەوێ پێیان دەڵێن بردوویانەتە نەخۆشخانە، بەڵام کاتێک کەسوکارەکەی دەگەنە نەخۆشخانە، دەبینن لە پزیشکی دادییە و گیانی لەدەستداوە.
گوتەبێژی هۆزەکە دەڵێت، "تاوانبار بە 7 ساڵ سزا زیندانی کرا، ئەو ئاشتبوونەوەیە پەیوەندی بە بڕیاری دادگەوە نییە".
سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لە رووداوەکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی گوت، "وەزیری ناوخۆی عێراق هاتە نێو بابەتەکە و دوای لێکۆڵینەوە، بەڕێوەبەری بنکەکە دانی بە تاوانەکەیدا نا".
گوتەبێژی هۆزی بەنی عامر دەڵێت "ئەو 200 حوشترە لەسەر ئایەتی قورئانی پیرۆزە، کە تۆڵەی خوێنی قوربانییەکە".
ئەو هۆزە حوشترەکانیان بەنێو بەسڕەدا گەڕاند هەتا خەڵک بیبینێ.
مامۆستا کوژراوەکە لە هۆزی بەنی عامر بوو، قوتابییەکەش کە کێشەی لەگەڵ مامۆستاکە هەبوو، لە هۆزی ئەلبودەراج بوو. رووداوەکە گرژیی لەنێوان هەردوو هۆزدا دروستکرد، بەڵام دوای دەستوەردانی سەرۆکهۆز و کەسایەتییەکانی ناوچەکە، هەردوولا گەیشتنە رێککەوتنی کۆمەڵایەتی و عەشیرەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ