رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاند، لە مانگى ئایارى ساڵى 2024، سەرژمێریى ئەزموونى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەکرێت.
رۆژی 8ى کانوونى یەکەمی 2023، عەبدولزەهرە هنداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لە مانگى ئایارى 2024 سەرژمێرى ئەزموونى لە عێراق دەکرێت و لەهەر پارێزگایەک ناوچەیەکى دیاریکراو دەستنیشان دەکرێت تاوەکو ئەو ئەزموونەى تێدا بکرێت."
سەبارەت بە ئامانجی سەرژمێرییەکە، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق دەڵێت: "ئامانج لێى زانینى ئاستى توانا و ئامادەکارییە هونەرى، کارگێڕى و لۆجستییەکانە، بۆ ئەوەى ئەگەر کێشەیەک هەبێت بەر لە ئەنجامدانى سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، چارەسەر بکرێت."
عەبدولزەهەر هنداوى گوتى: "ئەو سەرژمێرییە ئەزمونییە پارێزگانى هەرێمى کوردستان بە هاوشێوەى پارێزگاکانى دیکەى عێراق دەگرێتەوە."
بەگوێرەى پلانى دەزگاى ئامارى ناوەندیى عێراق، بڕیارە لە ساڵى 2024 سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە عێراق بکرێت.
بڕیار بوو لە ساڵى 2020 وەزارەتى پلاندانانى عێراق سەرژمێرییەکە بکات، بەڵام بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا، دواخرا بۆ ساڵى 2021، لەو ساڵەدا بەهۆى نەبوونى بودجەى پێویست و هاوکاتبوونى لەگەڵ هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراق بۆ جارى دووەم ئەو پرسە دواخرا بۆ ساڵى 2022، بەڵام بەهۆى پەسندنەکردنى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى لە پەرلەمان پرۆسەکە پەکیکەوت، بڕیاربوو لە کۆتایی 2023 ئەو سەرژمێرییە بکرێت، بەڵام جارێکى دیکە بۆ ساڵى 2024 دواخرا.
بەگوێرەى دوایین ئامارى وەزارەتى پلاندانانى عێراق، ژمارەى دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 43 ملیۆن کەسە. ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە شەش ملیۆن و 500 هەزار کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ