رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی سێ داواکراوی لە پارێزگای سەلاحەدین راگەیاند، کە بە ئەندامبوون لە حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە و تێوەگلان لە "تاوانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان"ـدا تۆمەتبار بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێزێکی هاوبەشی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی باشووری سەلاحەدین، چەند ئۆپەراسیۆنێکیان لە قەزای بەلە کرد و توانیویانە سێ داواکراو دەستگیربکەن."
بەگوتەی گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، ئەو سێ کەسە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە داواکراو بوون و پێشتر بۆ دەرەوەی وڵات هەڵاتبوون، بەڵام دوای گەڕانەوەیان و بەپێی زانیاریی هەواڵگری، شوێنەکەیان دیاریکراوە و دەستگیرکراون.
ئەرشەد حاکم ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکان لەکاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا "دانیان بەوەدا ناوە کە دەستیان هەبووە لە دۆسیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا."
گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونی هەر کەسێک کە بەرپرسیارێتیی ئەو تاوانانەی لەسەر ساخ ببێتەوە و گوتی: "تاوانباران لە سزا دەرباز نابن، هەرچەندە کاتیشی بەسەردا تێپەڕێت."
گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق، لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 ئاشکرا بوون، مەزەندە دەکرێت 300 هەزار کەس لەو گۆڕانەدا بن، کە زیاتر لە 180 هەزاریان لە نەتەوەی کوردن، ئەو گۆڕانە زۆربەیان دەکەونە بیابانەکانی عێراق، کە بەشێکیان هەڵدراونەتەوە و رووفاتەکانی نێویان ناسراونەتەوە، لەوانە گۆڕی بە کۆمەڵی بارزانییەکان و ئەنفالکراوانی گەرمیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ