وەزارەتی بازرگانیی عێراق: کێشەی فۆرمی خۆراکی ئەلیکترۆنی لە مۆبایلە کۆنەکان چارەسەرکرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێ، کێشەی کارنەکردنی ئەپلیکەیشنی فۆرمی خۆراکی ئەلیکترۆنی لە مۆبایلە کۆنەکان چارەسەرکراوە و کار بۆ راگەیاندنی چەند خزمەتگوزارییەکی نوێ دەکەن؛ دەشڵێت، بەم نزیکانە خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستانیش کارا دەکرێن.
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی کانوونی دووەمی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای تەواوبوونی کارەکانمان لە پارێزگاکانی واست، کەربەلا، نەجەف و دیوانییە، دوو رۆژ لەمەوبەر نوێکارییەکانیان لە هەردوو ناوچەی رەسافە و کەرخی بەغدا راگەیاند."
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتیشی: "لەکاتی کارکردن لە بەغدا کێشەیەک سەریهەڵدا، ئەویش ئەوەبوو کە ئەپلیکەیشنەکە لەسەر مۆبایلە کۆنەکان (مۆدێل 2015 و پێشتر) کاری نەدەکرد، بەڵام ئێستا رێکارەکان سادە کراونەتەوە و کێشەکە چارەسەر کراوە، بەجۆرێک کە هاووڵاتییان دەتوانن بە مۆبایلە کۆنەکانیشیان سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییەکان."
 
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، محەممەد حەنوون گوتی: "بەشێوەیەکی چڕ کار لەگەڵ فەرمانگە بازرگانییەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ تەواوکردنی پێداویستییە تایبەتەکان دوای دابینکردنی کۆمپیوتەری تایبەت، بە مەبەستی کاراکردنی خزمەتگوزارییەکانی دوای نوێکردنەوە."
 
بە گوتەی محەممەد حەنوون، لە رۆژانی داهاتوودا ئەو کارانەی لەگەڵ فەرمانگە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەریان رێککەوتوون تەواودەکرێن و ئیدی خزمەتگوزارییەکان بەردەست دەبن کە بریتین لە لابردن و زیادکردنی ناو و زانیاری بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە ساڵی رابردوو نەیانتوانیبوو زانیارییەکانیان تەواو بکەن.
 
پسووڵەی ئێستای خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1996، بۆیە حکومەتی عێراق بڕیاری داوە گۆڕانکاری تێدا بکات. گۆڕانکارییەکە لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوەیە کە بۆ 41 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی تۆمارکراو دانراوە.
 
قۆناخی یەکەم، کە پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک بوو، رۆژی 2ـی حوزەیرانی 2025 دەستی پێکرد.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە