رووداو دیجیتاڵ
رێنوێنى تایبەت بە جێبەجێکردنى یاسای گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ لە ئەنجوومەنى دەوڵەتەوە گەڕێنراوەتەوە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، کە پێشبینی دەکرێت چارەسەرى زیاتر لە 60%ى کێشەى موڵکدارى هاونیشتمانییانى کورد لە کەرکووک بکات.
بەگوتەى دوو سەرچاوەى باڵا لە بەغدا کە بۆ رووداو قسەیان کردووە، ئەنجوومەنی دەوڵەت رێنوێنى تایبەت بە جێبەجێکردنى یاسای گەڕاندانەوەى موڵک و ماڵى گەڕاندووەتەوە بۆ ئەمیندارێتیى گشتىی ئەنجوومەنى وەزیران، کە هەنگاوى کرداریى جێبەجێکردنى ئەو یاسایەیە.
21ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسایەکی پەسندکرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو موڵک و ماڵانەی بەگوێرەی 12 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان دەستیان بەسەردا گیرابوو، بەڵام جێبەجێکردنی یاساکە پێویستی بە دەرکردنی رێنوێنی بوو.
یەکێک لە سەرچاوەکانى رووداو لە بەغدا رایگەیاند، ئەنجوومەنى دەوڵەت بەر لە سێ هەفتە رێنوێنییەکانى ناردووەتەوە بۆ ئەمیندارێتىی گشتىی ئەنجوومەنى وەزیران لەدواى ئەوەى لە رووى یاسایی و یەکگرتنەوەى لەگەڵ دەستوور پێداچوونەوەى بۆ کردووە.
ئەو بڕیارانەی هەڵوەشێنراونەتەوە، لەنێوان ساڵانی 1975 بۆ 1984 دەرکراون. ئەو عەرەبە هاوردانەی زەوییەکانیان لێوەردەگیرێتەوە و دەدرێتەوە بە خاوەنە رەسەنەکانیان کە کورد و تورکمانن، بەرامبەر بەوەی لە شوێنی دیکە زەوییان پێدەدرێت و ئەو خەرجییانەش لەسەر زەوییەکان کردوویانە، بە پارە قەرەبوو دەکرێنەوە.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، چاوەڕێى ناردنى رێنوێنییەکانن بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان. گوتیشی: "جێبەجێکردنى ئەو یاسایە کێشەى موڵکدارى زیاتر لە 60%ى هاونیشتمانییانى کورد چارەسەر دەکات."
رووبەری ئەو زەوییانەی بەپێی ئەو یاسایە دەگەڕێندرێتەوە، زیاتر لە 300 هەزار دۆنمە لە سنووری پارێزگاری کەرکووک، بەگوێرەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش، دوای داگیرکردنیان کراون بە ناوی وەزارەتەکانی دارایی و کشتوکاڵەوە، بەپاساوی ئەوەی بۆ سوودی گشتی بەکاردەهێندرێت.
بەگوێرەی رێنوێنییەکان، ئەو لیژنەیەی داواکارییەکانی وەرگرتنەوەی زەویوزار وەردەگرێت و وردبینیی تێدا دەکات، بە بەشداریی نوێنەرانی کشتوکاڵ، دارایی و تۆماری خانووبەرە دەبێت و لەلایەن پارێزگاری کەرکووکەوە سەرپەرشتی دەکرێت. لیژنەکەی دیکەش کە بۆ شێوازی قەرەبووکردنەوەیە، لەلایەن یاریدەدەری پارێزگارەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بە رووداوی راگەیاند، رێنوێنییەکە خراوەتە بەردەم محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەى بڕیار لەبارەیەوە بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ