رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەیەکی رێکخراوی بەدر رەتیدەکاتەوە تەقە لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر و یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی حەشدی شەعبی کرابێت.
موختار موسەوی، فەرماندەی لیوا لە حەشدی شەعبی - رێکخراوی بەدر، رۆژی سێشەممە 09-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە تەقەکردن لە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەبنی و سەرۆکی رێکخراوی بەدر دەکەن، دوورن لە راستییەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێک بڵاوکرایەوە، کە کاژێر 06:00ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە 09-01-2024 لە گەڕەکی دووریین لە ناوچەی عەللاویی شاری بەغدا، لەکاتی ئامادەبوون لە پرسەیەک لە حوسێنییەی سوق عەللاوی لەنزیک مەزار شێخ مەعرووف کەرخی، تەقە لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی هادی عامری کراوە، بەهۆیەوە عامری بریندارە و پێنج پاسەوانی کوژراون.
هەر لەوبارەیەوە محەممەد رەعد، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی هادی عامری، لە هەژماری خۆی لە ئێکس رایگەیاند، "تەنیا بۆ ئاگاداری، ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە ئێوارەی ئەمڕۆ کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی هادی عامری تەقەی لێکراوە، بە تەواوی رەتدەکەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ