رووداو دیجیتاڵ
ئەو سەرکردەیەی حیزبوڵڵا تاوەکو لەلایەن ئەمریکاوە نەکوژرا، بە دەگمەن زانیاریی لەبارەیەوە بڵاوکرابووەوە، بەڵام دوای کوژرانی دەرکەوت ئەبو باقر ساعیدی چەندین بەرپرسیاریێتی لە نێو کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقدا هەبووە.
رۆژ لە دوای رۆژ زانیاریی تازە لە بارەی ئەبو باقر ساعیدی، فەرماندەی باڵای کەتیبەکانی حیزبوڵڵا ئاشکرا دەبن، کە شەوی چوارشەممە، 07-02-2024، لە نێو جەرگە بەغدا، ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە بە درۆن کرایە ئامانج و کوژرا.
بەگوێرەی پەیمانگەی رۆژهەڵات بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک، ئەبو باقر ساعیدی کە ناوی تەواوی "ویسام محەممەد سابر"ـە، لەدایکبووی ساڵی 1979یە، سەرەتا پاسەوانێکی تەواو جێی متمانەی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستی حەشدی شەعبی بووە.


موهەندیس لە هێرشێکی ئەمریکا لەگەڵ قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس لە 3ـی کانوونی دووەمی 2020 لە بەغدا کوژران.
ئەبو مەهدی موهەندیس، کە پێشتر فەرماندەی گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بووە، متمانەی تەواوی بە ساعیدی هەبووە، بەشێوەیەک ئەو یەکێک بووە لەو کەسە کەمانەی رێگەپێدراو بووە بچێتە کۆبوونەوەکانی نێوان ئەبو مەهدی موهەندیس و فەرماندەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، تەنانەت ئەو کۆبوونەوانەی کە قاسم سولەیمانیش تێیدا ئامادەبووە، سەرباری ئەوانەش ساعیدی لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ئەو فەرماندە باڵایانەدا مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکی هەبووە.
ئەبو باقر ساعیدی لە دوای کوژرانی چەند وێنەیەکی کەمی بڵاوبوونەتەوە، کە لە پێنج بۆ حەوت وێنە تێناپەڕن. یەکێک لە وێنەکانیشی لە حەلەبی سووریا بووە لەگەڵ چەند منداڵێک دەرکەوتووە. هەروەها دەگوترێت ساعیدی بەرپرسی دۆسیەی سووریا بووە لە نێو کەتیبەکانی حیزبوڵڵا.

بەرپرسەکەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، بە دیارترین فەرماندەی حەشدی شەعبی دادەنرێت، کە لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، لەلایەن ئەمریکاوە کوژرابێت. لە کوشتنەکەشیدا هەمان ئەو درۆن و مووشەکە بەکارهێندراوە، کە بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بەکارهاتوون.
هەرچەندە لە رێوڕەسمەکانی ناشتنیدا کەتیبەکانی حیزبوڵڵا هیچ پۆستێکیان نەداوەتە پاڵ، بەڵام بە"سەرکردەی مەزن و شەهیدی سەرکردە" ناویان هێناوە، لەگەڵ ئەوەی دەگوترێت، بە کەسی یەکەمی کردەیی حیزبوڵڵا هەژمار دەکرێت.
ئەبو باقر ساعیدی بە یەکێک لە نزیکەکانی "حەسەن فالح عەزیز لامی" ناسراو "ئەبو زەینەب لامی" دادەنرێت، کە بەڕێوەبەری ئاسایشی حەشدی شەعبی بووە، باقر ساعیدی "بەرپرسێکی گەورە" بووە لەو بەڕێوەبەرایەتییە.

ئەبو زەینەب لامی بە کوشتنی خۆپێشاندەرانی تشرینی ساڵی 2019 لە بەغدا و بەشێک لە پارێزگاکانی دیکە کە داوای چاکسازییان دەکرد، تۆمەتبار دەکرێت.
هەروەها ئەبو باقر ساعیدی، تۆماتبار دەکرێت بەوەی کە دەستی هەبووە لەو هێرشە درۆنییەی کە لە 02ـی شوباتی 2021 کرایە سەر ئیمارات، دواتر لیوای وەعدی حەقی سەر بە حیزبوڵڵا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ گرت.
ساعیدی سەرپەرشتی شانەیەکی کردووە لە بەغدا دروستبووبوو و کاری گواستنەوەی درۆن بووە لە ئێرانەوە بۆ باشووری عێراق. بەپێی پەیمانگەی رۆژهەڵات بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک، "لە رێگەی فەیلەقی قودسەوە شوێنەکانی نێو ئیماراتی لە رێگەی نەخشەوە پێدرابوو بۆ ئەوەی بە یارمەتی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە جورف سەخر بکرێتە ئامانج."
دوای کوژرانی، دەرکەوتووە کە ئەبو باقر ساعیدی ئەو پۆستانەی هەبووە، "بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکان، فەرماندەی گورزە سەربازییەکان و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی حیزبوڵڵا، بەڵام لە هەموویان دروستتر بەرپرسی درۆن و هێزی ئاسمانیی حیزبوڵڵا بووە."
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم، لە بارەی کوژرانی ئەبو باقر ساعیدی رایگەیاند، لە هێرشەکەیان سەرکردەیەکی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا کوژراوە، کە بەرپرسیار بووە لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
ئەبو باقر ساعیدی بە "بەرپرسی هێرشەکەی 28ـی مانگی رابردووی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن دادەنرێت"، کە کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لێکەوتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ