پەرلەمانى عێراق پێشنیازێکى سێ خاڵى لەبارەى پێناسی نوێى گومرگ دەداتە حکومەت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانى عێراق سێ پێشنیاز بۆ حکومەت دەنێرێ تایبەتن بە پێناسیى نوێى گومرگی و داوا دەکات جێبەجێکردنی ئەو پێناسە گومرگییە بۆ سێ مانگ دوابخرێ و رێژەى گومرگى بەشێک لە کاڵاکانیش بکرێتە 5%. 
 
بەگوێرەى نووسراوێکی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق کە ئاراستەى سوودانیی کردووە، سێ خاڵى پێشنیازکردووە لەبارەى پێناسی نوێى گومرگ. 
 
خاڵی یەکەمى پێشنیازەکە ئەوەیە بۆ 90 رۆژ جێبەجێکردنی بڕیاری 957ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوابخرێ و پێداچوونەوە بە پێناسی گومرگی بکرێ.
 
ئەو بڕیارە لە 28ـى تشرینى یەکەمى 2025 لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراقەوە دەرکرا و گومرگى هەندێک لەکاڵا هاوردەکراوەکان زیاد کراوە بە جۆرێک هەندێکیان دەگاتە 30%.
 
خاڵێکى دیکەى نووسراوەکەیە ئەوەی بەشێک لە گومرگى کاڵاکان بکرێتە 5%، سێیەم خاڵ ئەوەیە چاو بخشێندرێتەوە بە گومرگی ئۆتۆمبێلی هایبرید و لە 15%ـەوە بکرێتە 5%.
 
ئەو رێکارە نوێیەی حکومەتی عێراق لە یەکى کانوونى دووەمى ئەم ساڵ کەوتە وارى جێبەجێکردن و ئەوەش ناڕەزایی بەشێک لە بازرگانانى لێکەوتووەتەوە و دەڵێن، رێژەى گومرگ زیادبووە.
 
شێروان دووبەردانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، نووسراوەکەى سەرۆکى پەرلەمان لەسەر بنەماى دوو دانیشتنى پەرلەمان بووە بە میوانداریکردنى لایەنە پەیوەندارەکان بۆ تاوتوێکرنى پرسیى پێناسى نوێى گومرگ.
 
دانیشتنەکانى پەرلەمانى عێراق لەبارەى ئەو پرسە لە رۆژانى 10 و 11ى کانوونى دووەم بە میوانداریکردنى سەرۆکى دەستەى دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبەرى گشتیى گومرگ ئەنجامدرا. 
      
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە رۆژی سێشەممە، 10ـی شوبات ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی جێبەجێکردنی 6 بڕیار بکات کە لە 2025 و 2026 دەرکراون لەپێناو زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجی.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بە رووداوى گوت:" پێشبینی دەکرێ پرسی پێناسى نوێی گومرگیش تاوتوێ بکرێ".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت: رێگری لە هەر هەڵوێستێک بکرێت کە زیان بە بەرژەوەندیی عێراق دەگەیێنێت

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پشتگیریی دانوستاندنی ئێران و ئەمریکای کرد و داوای کرد رێگری لە هەر لێدوان و هەڵوێستێک بکرێت کە زیان بە بەرژەوەندیی عێراق دەگەیێنێت، هەروەها پاڵپشتیی چاکسازییە ئابوورییەکانی حکومەتیان کرد.