بەرگریى شارستانیى عێراق: پێویستە بەلەمەکان زیاتر لە ژمارەی پێویست خەڵک نەگوازنەوە

09-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرگریى شارستانیى عێراق چەند رێنوێنییەک لەبارەى مامەڵەى گەشتیاران لە باخچەکانى ئاژەڵ و شارەکانى یارى بڵاوکردەوە و دەڵێت، دەبێت زیاتر لەو ماوەیەى دیاریکراوە لە ئاژەڵە گۆشتخۆرەکان نزیک نەبنەوە. داواش دەکات، بەلەمەکان لە ژمارەی پێویست زیاتر خەڵک سەرنەخەن.
 
9ى نیسانى 2024 بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق 14 رێنوێنیی لەبارەى مامەڵەکردن لە باخچەکانی ئاژەڵ، شارەکانى یاری و ناوچە گەشتیارییەکان لە رۆژانى جەژنى رەمەزاندا بڵاوکردەوە.
 
لەو رێنوێنییانەدا هاتووە، ئەو کەسانەى سەردانى باخچەى ئاژەڵان دەکەن، دەبێت ئاگادار بکرێنەوە لەوەى لەو دوورییەى دیاریکراوە، زیاتر لە ئاژەڵە گۆشتخۆرەکان نزیک نەبنەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق داواى کردووە، سەرجەم ئامێرەکانى یاریکردن لە شارەکانی یاری چاک بکرێنەوە و پشکنینیان بۆ بکرێت؛ هەروەها بەلەم و یەختە گەشتیارییەکان لە ژمارەى پێویست زیاتر هاووڵاتی سەرنەخەن و نەگوازنەوە، بۆئەوەی رووداوی نەخوازراو روونەدات.
 
نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بۆ بەداواداچوونى جێبەجێکردنى ئەو رێنوێنییانە، هاوئاهەنگیمان لەگەڵ فەرمانگەکانى شارەوانى کردووە و هەر ناوچەیەکى گەشتیارى جێبەجێیان نەکات، دادەخرێت."
 
لە رێنوێنییەکاندا هاتووە، دەبێت تیمى وەزارەتى تەندروستى پشکنینى ئەو خواردنانە بکات کە لە ناوچە گەشتیارییەکان دەفرۆشرێن، کارمەندانى ئەو شوێنانەش راهێنانیان پی بکرێت لەسەر چۆنێتى بەکارهێنانى ئاگرکوژێنەوە و بەکارهێنانی ئامێرەکانی فریاگوزاریى سەرەتایی.
 
10ى نیسانى 2024 یەکەم رۆژى جەژنى رەمەزانە و چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی جەژندا هاونیشتمانی و هاووڵاتییان زیاتر لە رۆژەکانی دیکە سەردانى شارەکانى یاری و شوێنە گشتییەکانی دیکە بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە