رووداو دیجیتاڵ
بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد.
دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە ئامادەبوونی 180 پەرلەمانتار کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستیپێکردووە و بەردەوام ژمارەکەش روو لە زیادبوون دەکات.
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای بودجە دەنگی پێدەدرێت و تێدەپەڕێندرێت."
پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە هادی عامری وەکو نوێنەری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەرانی پارتی و یەکێتی کۆبووەوە؛ هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆری میدیایی رووداو لە بەغدا لەسەر نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی هادی عامری و نوێنەرانی پارتی و یەکێتی گوتی، بە گوتەی بەشدارانی کۆبوونەوەکە مامەڵەی راستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگای سلێمانی کە ناکۆکی لەسەر بووە قسەی لەسەر کراوە و دەمێنێتەوە، بەڵام "گۆڕانکاری" تێدا دەکرێت؛ هەروەها ناچارکردنی هەرێمی کوردستان بە پێدانەوەی 10%ـی پاشەکەوتی مووچە بێ تەرخانکردنی پارە بۆی کە ئەمەی دوایی داوای پارتی بوو، دەمێنێتەوە.
شەوی رابردوو پەرلەمانی عێراق بۆ پەسند کردنی پڕۆژەیاسای بودجە کۆبووەوە؛ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ 9ی حوزەیران، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر شەش مادەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی دا و مادەیەکی لابرد و مادەیەکی جێهێشت بۆ لیژنەی دارایی.
ئەو مادانەی دوێنێ پەسندکران ناوەڕۆکەکانیان بەمجۆرەیە:
مادەی یەک: تایبەتە بە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار و دیاریکردنی نرخی نەوت بە 70 دۆلار و پێشبینی بڕی نەوتی هەناردەکراو.
مادەی دوو: دواخرا کە تایبەت بوو بە خەرجییەکان.
مادەی سێ: تایبەتە بە پاڵپشیی دارایی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و دەسەڵاتی وەزیری دارایی بۆ ئەو کارە و پەسند کرا.
مادەی چوار: لادرا کە تایبەتە بە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ گواستنەوە لە پارەی تەرخانکراو لە قەرزەکان و گۆڕینی ئەو لایەنەی کە سوودمەند دەبێت لە قەرزەکان.
مادەی پێنج: تایبەتە بە دەسەڵاتی راستەوخۆی خەرجکردنی و رێگری لە تێپەڕاندنی بڕی تەرخانکراو و، پەسند کرا.
مادەی شەش: تایبەتە بە دەسەڵاتی گواستنەوەی بودجە و پەسند کرا.
مادەی حەوت: تایبەتە بە دەسەڵاتی بەکارهێنانی یەدەگی باری لەناکاو و پەسند کرا.
مادەی هەشت: تایبەتە بە سنووردارکردنی داهات بۆ یەک ساڵ و تاوەکو کۆتایی 2023، پەسند کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ