رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رەخنە لە ژمارەیەک پەرلەمانتار دەگرێت و دەڵێت، هەواڵی سەیر لەبارەی بودجە هەن کە پێچەوانەی بەرنامەی کاری حکومەتن و ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو قسانە بۆ "شێواندنی رای گشتی و یاریکردن بە سۆزی هاووڵاتییان دەکرێن."
هەروەها 18 پەرلەمانتاری شیعەش داوای زیادکردنی مادەیەک دەکەن بۆ زیادکردنی بڕی 250 ملیار دینار بۆ دەستەی حەشدی شەعبی و دەڵێن، دەبێت وەزیری دارایی ئەو گواستنەوەیەی پارەیە بکات بۆ تەواوکردنی ئەو بڕە پارەیەی بۆ ئەو مەبەستە پێویستە.
رۆژی هەینی 9-6-2023، هیشام روکابی، راوێژکاری میدیایی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی لێدوان و قسەی ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق لەنێویاندا بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان لە تویتێکدا رایگەیاند، "هەوڵی هەندێک کەس بۆ بڵاوکردنەوەی چیرۆک و هەواڵی ناڕاست لەبارەی بودجە و تۆمەتبارکردنی حکومەت، مەبەست لێی روونە کە شێواندنی رای گشتی و یاریکردنە بە هەست و سۆزی هاووڵاتییان."
روکابی کە بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دوای دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکەی لە پەرلەمان بە "بودجەی ئاوەدانکردنەوە و دەرفەتی کار" ناودەبات، لەتویتەکەیدا رووی دەمی دەکاتە هاووڵاتییان و دەڵێت، "داوا دەکەین دوای ئەو دەنگانە نەکەون و بودجە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان داڕێژراوە نەوەک دژیان."
هاوکات 18 پەرلەمانتاری شیعە کە بەشێکیان ئەندامی لیژنەی دارایین لە رەشنووسێکدا کە واژۆیان لەسەرکردووە، داوای تەرخانکردنی بڕی 250 ملیار دیناری دیکە بۆ بودجەی حەشدی شەعبی دەکەن بۆ پێدانی جیاوازیی مووچەکانی ئەندامانی ئەو هێزە چەکدارییە.
رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 لە 15ـی ئاداری ئەمساڵەوە بۆ پەرلەمان نێردراوە.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق نزیکەی 60 کۆبوونەوەی لەبارەوەکردووە، رەشنووسەکە کە لە 67 مادە پێکدێت، زیاتر لە دووجار دەستکاری کراوە، لەنێویاندا ئەو دەستکارییانە کە تایبەتن بە بڕگەکانی نێو مادەکانی 13 و 14ـی تایبەت بە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ