رووداو دیجیتاڵ
لە رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق، هەرێمی کوردستان بە دانەوەی بڕی زیاتر لە 4 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار قەرز پابەندکراوە کە لەسەردەمی قەیرانی داراییدا لە بانکەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت وەریگرتووە، دەبێت ئەو قەرزە لەماوەی پێنج ساڵدا بداتەوە. ئەندامێکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "دەبێت هەرێمی کوردستان بە قیست و بۆ ماوەی پێنج ساڵ ئەو قەرزانە بداتەوە کە بەناوی قەرز بۆ رووبەڕووبونەوەی قەیرانی دارایی کردوونی."
لە یەکێک لە بڕگەکانی مادەی 13ـی رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، هەرێمی کوردستان بە دانەوەی ئەو قەرزانەی پابەندکراوە کە لە سەردەمی قەیرانی دارایی لەدوای ساڵی 2014ەوە کردوونی، بڕی پارەکەش 4 ملیار و 374 ملیۆن و 822 هەزار دۆلارە و دەبێت لەماوەی 5 ساڵدا بە قیستی مانگانە بیداتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، دەبێت هەرێمی کوردستان ساڵانە بڕی 874 ملیۆن و 964 هەزار و 400 دۆلار کە ساڵانە دەکاتە یەک تریلیۆن و 137 ملیار و 453 ملیۆن دینار لەو قەرزانە بداتەوە. بڕی قەرزەکەش بە دینار 5 تریلیۆن و 687 ملیار و 268 ملیۆن و 600 هەزارە.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق، رۆژی هەینی، 9-6-2023، لەبارەی ئەو قەرزانەوە بە رووداوی گوت: "ئەو قەرزانە ئەو پارانەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت بە ناوی قەیرانی داراییەوە رایکێشاوە، ئەمە پابەندبوونێکی دیکەیە لەسەر هەرێمی کوردستان و دەبێت لەو ماوەیەی بۆی دیاریکراوە بە قیست بیداتەوە."
ئەو قەرزانەی کراون هی 10 بانکن، لەوانە: "بانکی عێراق بۆ بازرگانی، بانکی کوردستان و هەشت بانکی دیکە."
شەوی رابردوو، دوای چەندین کاژێر گفتوگۆی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و هەوڵی دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان پێداگری کرد و زەنگی چوونەژوورەوەی پەرلەمانتاران لێدرا، 258 پەرلەمانتار ئامادەبوون و شەش مادەی پڕۆژەیاسای بودجە پەسندکران.
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی شەوی رابردوودا شەش مادەی لە پڕۆژەیاسای بودجە پەسند کرد و دانیشتنەکەی بۆ نیوەڕۆی رۆژی هەینی هەڵگرت بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر مادەکانی دیکەی پڕۆژەیاساکە بدرێت.
لە دانیشتنی شەوی رابردوودا دەنگ بە مادەکانی 1، 3، 5، 6، 7 و 8 درا و ماددەی 2 هەڵگیرا، چونکە لە رووی زمانەوانییەوە کێشەی هەبوو، بۆیە سەرۆکی پەرلەمان بڕیاری دا کە پێداچوونەوە بۆ داڕشتنەوە زمانەوانیی ئەو مادەیە بکرێت. هەروەها مادەی چواریش لابرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ