نوێنەرانى پارتى، یەکێتى و چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە کۆبوونەوەدان

09-06-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرانى پارتى، یەکێتى و هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەدان بۆ تاوتوێکردنى کێشەکانى تایبەت بە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراق. 
 
رۆژی 9ى حوزەیرانى 2023، شێروان دووبەردانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح نوێنەرایەتیى چواچێوەى هاوئاهەنگى دەکات و فوئاد حوسێن و شاخەوان عەبدوڵڵا، وەک نوێنەرى پارتى دیموکراتى کوردستان بەشدارن." 
 
شێروان دووبەردانى گوتیشى، "کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنى ناکۆکییەکان سەبارەت بە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتییە بە ناکۆکییەکانى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستانیشەوە." 
 
هەر لە کۆبوونەوە لەگەڵ هادی عامری نوێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خالید شوانی و نزار ئامێدی بەشدارن. 
 
بڕیاربوو کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق کاژێر 01:00ى ئەمڕۆ هەینى بکرێت بۆ دەستپێکردنەوەى دەنگدان لەسەر مادەکانى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق، بەڵام کۆبوونەوەکە دواکەوت.
 
بەرەبەیانیی 9ى حوزەیران، پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر شەش مادەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى دا و مادەیەکى لابرد و مادەیەکى جێهێشت بۆ لیژنەى دارایی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە