رووداو دیجیتاڵ
مادەیەکى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى لەکاتى دەنگدان لە پەرلەمان عێراق دواخرا، بەهۆى ناکۆکى لەسەر ئەو لایەنەى بەرپرس دەبێت لە بڕیاردان لەسەر پڕۆژەى پارێزگاکان.
لە کۆبوونەوەى 8ى حوزەیرانى 2023ى پەرلەمانى عێراقدا دەنگدان لەسەر مادەى دووى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى دواخرا، بەهۆى ناکۆکى لەسەر ئەو مادەیە.
خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو مادەیە جێگەى ناکۆکى نێوان ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و حکومەتە کە دەسەڵاتى بڕیاردان لەسەر پڕۆژەکان دەداتە دەستەى هاوئاهەنگى پارێزگاکان لە کاتێکدا ئەمساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەکرێت کە لەوێ بڕیار لەسەر پڕۆژەکان دەدرێت."
خەلیل دۆسکى گوتیشى: "رێککەوتن لەسەر ئەو مادەیە پێویستى بە دانوستاندنى نێوان فراکسیۆنەکانە، بەر لەوەى جارێکى دیکە بخرێتەوە دەنگدان لە پەرلەمان."
لە بڕگەى سێى مادەى دووى پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، پێویستە پارێزگار پلانى ئاوەدانکردنەوەى پارێزگا و قەزا و ناحیەکانى ئامادە بکات و رەوانەى دەستەى باڵاى هاوئاهەنگى نێوان پارێزگاکانى بکات بەمەبەستى وردبینیکردن و راستاندنى بەر لەوەى پێشکێش بکرێت بە وەزارەتى پلاندانان تاوەکو بخرێتە پلانى وەبەرهێنانەوە.
ئەو دەستەیە سەر بە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقە و پارێزگارەکانى عێراق تێیدا بەشدارن.
بڕیارە لە 20ى کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق بکرێت، کە یەکێک لە ئەرکەکانیان پەسندکردنى پڕۆژەکانى تایبەت بە پارێزگاکانیانە.
ئەمڕۆ هەینى 9ى حوزەیران، پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە بۆ دەستپێکردنەوەى پرۆسەى دەنگدان لەسەر مادەکانى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق لە دواى ئەوەى لە کۆبوونەوەى 8ى حوزەیران دەنگى لەسەر شەش مادەى پڕۆژەیاساکە دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ