ناوەندێکی مافەکانی مرۆڤ: ئەمساڵ 82 کەس لە عێراق لە سێدارەدراون

09-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی ناوەندی نێودەوڵەتیی رافیدەین بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا حکومەتی عێراق 82 کەسی لەسێدارەداوە، کە 64یان سوننە و ئەوانی دیکە شیعە بوون، بەرپرسی سەنتەرەکە دەڵێت: "هەموو ئەوانەی سوننە بوون و لە سێدارەدراون تۆمەتی تیرۆریان دراوەتەپاڵ."
 
رۆژی یەکشەممە، 9-7-2023، د. راهب ساڵح، بەرپرسی ناوەندی نێودەوڵەتیی رافیدەین بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە بارەگاکەی لە جنێڤی سویسرایە، لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی تایبەت بە سزای لەسێدارەدان لە عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی ئامارەکانی ئێمە کە لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەرگیراون، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە عێراق 82 کەس لەسێدارە دراون".
 
بە گوتەی د. راهب ساڵح، ئەوانەی ئەمساڵ لە سێدارەدراون، 64یان سوننەن، زۆربەشیان بەپێی مادەی 4ـی تیرۆر سزادراون و لەسێدارەدراون و بەشێکیان لێکۆڵینەوەشیان لەگەڵ نەکراوە، بەشێکی دیکەیان ئەوانەن کە بەزۆر دانپێدانیان پێ دەرهێنراوە، هەروەها 18کەی دیکەیان شیعە بوون، کە لەسەر بابەتی کۆمەڵایەتی لەسێدارە دراون."
 
بەرپرسی ناوەندی نێودەوڵەتیی رافیدەین بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: "زۆرینەی سزای لەسێدارەدان لەعێراق پاساوی تۆڵەکردنەوە و جیاکاریی نەتەوەیی و تایفی هەیە و زۆریان ستەمکارانەن و ئێمە راپۆرتەکانمان لەوبارەیەوە بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان گەیاندووە، چونکە دۆسیەی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە قۆناخێکی سەختدایە و دەبێت بەرپرسان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."
 
ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات کە بەهەزاران کەس لە عێراق بێسەروشوێنن و خەڵکێکی زۆر بوونەتە قوربانی هەواڵدەری نهێنی، دەشڵێت، "ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان هەیە لەعێڕاق ژمارەیان لەسەروو 25 هەزار کەسە."
 
مانگی نیسانی ساڵی 2023، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد 8 هەزار کەس لە گرتووخانەکانی عێراق سزای لەسێدارەدانیان هەیە، 20 هەزار کەسیان بەهۆی بابەتی تیرۆرەوە لە گرووتخانەکانن، کۆی بەندییەکانیش 60 هەزار کەس دەبن کە بەسەر 28 گرتووخانەدا دابەشبوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە