عێراق
روانگەی عێراقی سەوز دەڵێت، عێراق پێویستی بە 27 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە بۆ ئەوەی کارەبای 24 کاژێری دابینبکات.
رووداو دیجتاڵ
سەرۆکی روانگەی عێراقی سەوز رایگەیاند، تینی خۆر لە عێراق دەتوانێت هەزار وات لە هەر مەترێکی چوارگۆشە ببەخشێت، عێراق دەتوانێت تینی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی کارەبا بقۆزێتەوە، داواش لە حکومەتی عێراق دەکات سەرچاوەی خاوێنی وزە بەکاربهێنێت، شارەزایەکی نەوتیش دەڵێت: "عێراق بەهۆی بەفێڕۆچوونی گازی سرووشتییەوە ساڵانە زیاتر لە 10 هەزار مێگاوات کارەبا لە دەستدەدات."
رۆژی یەکشەممە، 9-7-2023 عەلی ناجی، سەرۆکی روانگەی عێراقی سەوز، لەبارەی پێداویستی کارەبا و کورتهێنانی لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەر عێراق بۆ دابینکردنی کارەبا پەنا بۆ وزەی خۆر ببات، ئەوا کورتهێنانی کارەبا پڕدەکاتەوە و دەرفەتی کار بۆ بێکارانیش دەڕەخسێنێت، چونکە هەر مەترێکی چوارگۆشە دەتوانێت هەزار وات کارەبا دابینبکات، واتە نزیکەی 5 ئەمپێر کارەبا."
بە گوتەی عەلی ناجی، عێراق پێویستی بە 27 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە بۆ ئەوەی کارەبای 24 کاژێری دابینبکات، ئەوەش دەتوانرێت لە رێگەی وزەی خۆرەوە بەدەستبهێنێت، بەتایبەت لە عێراق لە ساڵێکدا 300 رۆژ خۆرە.
سەرۆکی روانگەکە باسی لەوەشکرد یەک خانەی وەرگری وزەی خۆر لە هەر 100 سانتیمەتر لە 215 سانتیمەتر بڕی 1.4 بۆ 1.2 ئەمپیر دابیندەکات لەماوەی یەک کاژێردا، واتە بە تێکڕای 400 بۆ 700 وات لە کاژێرێکدا.
عەلی ناجی پێیوایە تینی خۆر بەتایبەت لە وەرزی هاویندا لە عێراق دەتوانرێت بکرێت بە سەرچاوەیەکی بەهێز بۆ شوێنگرەوەی ئەو رێگایانەی ئێستا کارەبایان لێ بەدەستدێت لە عێراق.
عێراق لە رێگەی کڕینی گازەوە لە ئێران پێداویستی کارەبا بۆ هاووڵاتیان دابیندەکات، ئێستا بەرهەمی کارەبای عێراق 24 هەزار مێگاواتە، لەکاتێکدا بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، ئەو وڵاتە پێویستە 34 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە.
د. نەبیل مەرسوومی، شارەزای بواری وزە لە زانکۆی بەسرا دەڵێت: "عێراق سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمهێنانی وزە کە گازی سرووشتییە لەدەستدەدات. مەرسوومی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو گازەی بەفێڕۆ دەچێت و عێراق ناتوانێت سوودی لێوەربگرێت زیاتر لە 10 هەزار مێگاوات کارەبا دەبێت."
پاش رووسیا، عێراق لە سووتاندنی گازی هاوەڵی دەرهاتوو لەگەڵ نەوتدا بە پلەی دووەم دێت و بەپێی پێویست سوود لەو گازە وەرنەگیراوە. عێراق رۆژانە نزیکەی 16 ملیار مەتر پێ سێجا گازی هاوەڵ بە خۆڕایی دەسووتێنێت. هاوکات عێراق کە خاوەن 132 تریلیۆن پێ سێجا گازە، یەکێکە لە کڕیارە سەرەکییەکانی گازی ئێران و رۆژانە 20 ملیۆن مەتر پێ سێجا گاز لەو وڵاتە هاوردە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ