رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەوە داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات رێگە بدات قەرزەکانی ئێران لەسەر عێراق بدرێنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 9-7-2023، چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوایەکی ئاراستەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی کرد. لە داواکارییەکەدا هاتوو: "بەهۆی کەمیی دابینکردنی کاژێرەکانی کارەبا لەبەر دۆخی ئێستا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، وڵات بە قەیرانێکدا تێدەپەڕێت کە ئەرکی هاووڵاتیی عێراقی قورسکردووە."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، "دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و ئاگاداربوون لە هۆکارەکان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەوە پەیوەندی بە لایەنی ئەمریکییەوە بکات و ئەوە بخرێتە ئەستۆی کە دەستبەجێ شایستە داراییەکانی هاوردەکردنی گازی ئێران بەبێ دواکەوتن و کەمتەرخەمی بدرێتەوە."
هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوایەکی دیکەی هەیە و دەڵێت: "ئەو دۆسیەیە لەرووی سیاسییەوە بەکارنەهێندرێت، چونکە نەرێنییانە زیان بە هاووڵاتی عێراق دەگەیەنێت."
ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی سێشەممە، 04-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران پێدانی گازی بە ناوچەی باشوور بە تەواوەتی بڕیوە؛ هەروەها گاز بۆ ناوچەکانی نێوەڕاست و بەغدای لە 45 ملیۆن مەتر سێجاوە بۆ 20 ملیۆن مەتر سێجا کەمکردووەتەوە، بێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکارەکەی بکات، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 20 هەزار مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە و لە دوو رۆژی رابردوودا پێدانی کاژێرەکانی کارەبا کەم بووەتەوە."
عێراق پێویستی بە نزیکەی 34-35 هەزار مێگاوات کارەبایە و پێش ئەم هەنگاوەی ئێران نزیکەی 25 هەزاری هەبوو.
لە بەغدا هەشت کاژێر بۆ 12 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە و کورتهێنانەکە لە رێگەی 13 هەزار موەلیدەوە پڕدەکرێتەوە کە دوو جۆرن؛ یەکێکیان 24 کاژێرییە و هەندێکجار نرخی ئەمپێرێک دەگاتە 25 دینار و ئەوەی دیکەیان تاوەکو 12 شەو کاردەکات و نرخی ئەمپێرێک دەگاتە 10 دینار.
بەهۆی کەمیی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەباوە، عێراق لە رێگەی کڕینی گازەوە لە ئێران پێداویستی کارەبا بۆ هاووڵاتیان دابیندەکات، ئێستا بەرهەمی کارەبای عێراق 24 هەزار مێگاواتە، لەکاتێکدا بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، ئەو وڵاتە پێویستی بە 34 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە.
رۆژی دووشەممە، 3ـی تەممووزی 2023 یەحیا ئال ئیسحاق، سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران – عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند؛ عێراق 10 ملیار دۆلار پارەی گاز و کارەبا و بەنزینی ئێران قەرزدارە، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکا، بانکی ناوەندیی عێراق نەیتوانیوە راستەوخۆ ئەو پارەیەمان رادەست بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ