پشووی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت و دەنگ لەسەر سێ پڕۆژەیاسا دەدات

09-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای کۆتاییهاتنی پشووی وەرزی یاسادانان، پەرلەمانی عێراق دەست بە دانیشتنەکانی دەکاتەوە و بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو، 12ی تەممووزی 2025 کۆببێتەوە.
 
بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنەکە، پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر سێ پڕۆژەیاسای گرنگ دەدات و خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ چوار پڕۆژەیاسای دیکە دەکرێت.
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تەممووزی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ چوارشەممە پشووی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان کۆتایی دێت، سبەی دوایین وەرزی یاسادانانی ئەم خولەی پەرلەمان دەستپێدەکاتەوە."
 
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی ژمارە (1)ی بڵاوکردەوە کە کاژێر 01:00ی پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە بەڕێوەدەچێت و ئەم بڕگانە لەخۆدەگرێت:
 
• یەکەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای سەندیکای پرۆگرامسازانی عێراقی.
 
• دووەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای تەندروستیی دەروونی.
 
• سێیەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای پاراستن لە زیانەکانی تووتن.
 
• چوارەم: خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژەیاسای یەکێتیی نەخۆشخانە تایبەتەکان لە عێراق.
 
• پێنجەم: خوێندنەوەی دووەم و گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یەکەمی یاسای دەستەی نیشتمانی بۆ چاودێریی ناوەکی، تیشکەوەر، کیمیایی و بایۆلۆجی.
 
• شەشەم: خوێندنەوەی دووەم و گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانلێکەوتووانەی کە بەهۆی کردەوەکانی رژێمی بەعسەوە بەشێک لە جەستەیان لەدەستداوە.
 
• حەوتەم: خوێندنەوەی دووەم و گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسای چوونەپاڵی عێراق بۆ رێککەوتننامەی پاراستنی فیزیایی ماددەی ئەتۆم.
 
لەلایەکی دیکەوە، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق شەوی رابردوو لە بانگەوازێکدا داوای لە سەرجەم فراکسیۆنە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران کرد، ئامادەی دانیشتنەکانی داهاتوو بن و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و مێژوویی خۆیان لەم "قۆناخە هەستیارەدا" لە ئەستۆ بگرن.
 
مەشهەدانی جەختی لەوە کردەوە، ئەمە "وەرزی یاسادانانی کۆتایی"ی خولی ئێستایە و پێویستە پەرلەمانتاران بە گیانی هاوئاهەنگی کار بکەن بۆ پەسندکردنی ئەو یاسا گرنگانەی خزمەت بە ژیانی هاووڵاتییان دەکەن.
 
سەرۆکی پەرلەمان ئامادەبوون لە دانیشتنەکاندا بە "ئەرکێکی دەستووری و ئەمانەتێک لەبەردەم گەل" وەسف کرد و گوتی، "بەشداریکردنی کارا، جددییەتی پەرلەمان نیشان دەدات و متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەی یاسادانان بەهێز دەکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە