دیوانییە بەدەست چەندین گرفتەوە دەناڵێنێت؛ 'بێکاری گەنجانی ناچار بە کۆچ کردووە'

09-07-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای دیوانییە بەدەست چەندین کێشە و گرفتەوە دەناڵێنێت. قایمقامی قەزای ناوەندیی دیوانییە دەڵێت، نەبوونی بودجەی پێویست بۆ پارێزگاکە وایکردووە دەیان پڕۆژەی گرنگی ژێرخان پەکیان بکەوێت. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش باس لە کۆچی گەنجانی دیوانییە دەکات و بێکاری بە هۆکار دەزانێت.
 
کازم عەبدوڵڵا، قایمقامی قەزای دیوانیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دیوانییە گیرۆدەی دەیان کێشە و گرفتە، نەبوونی بەشێکی زۆر لە سادەترین خزمەتگوزارییەکان، بووەتە سکاڵای بەردەوامی هاووڵاتییانی ئەم پارێزگایە."
 
بە گوتەی کازم عەبدوڵڵا، کارەبای نیشتمانیی لە شەو و رۆژێکدا، دوو کاژێر بە دوو کاژێرە، واتە 12 کاژێر یان کەمترە.
 
وەکو قایمقامی دیوانییە ئاماژەی پێدەکات، نەبوونی بودجەی پێویست بۆ پارێزگاکە وایکردووە دەیان پڕۆژەی ژێرخان پەکیان بکەوێت، "حکومەت بودجە دابین و دیاری دەکات، بەڵام خەرجی ناکات."
 
لەبارەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، کازم عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد، "پڕۆژەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەت و کرێچییەکان زیاتر لە ساڵێکە کار کردن تێیدا راگیراوە. پڕۆژەی ئاوەڕۆی دیوانییە لە 2011ـەوە راوەستاوە، ساڵی 2022 دەستکرایەوە بە ئیش تێیدا، بەڵام کارەکان زۆر بە خاوی دەڕۆن."
 
هاوکات رەحیم بدێری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە بە رووداوی راگەیاند، "ئەم پارێزگایە یەکێکە لە دواکەوتووترین پارێزگاکانی عێراق لە رووی خزمەتگوزارییەوە و بەگوێرەی دوایین ئامارەکانیش، دیوانییە هەژارترین پارێزگای عێراقە."
 
بە گوتەی ئەو ئەندامە، ئەو پڕۆژانەی لە ساڵانی رابردوودا بڕیار لەسەر جێبەجێکردنیان درابوو لە پارێزگاکەدا، "تەنیا 10%ـیان جێبەجێ کراون و زۆربەی پڕۆژەکانی دیکە پەکیان کەوتووە و کاریان تێدا ناکرێت."
 
سەبارەت بە هەلی کار و دۆخی گەنجان، رەحیم بدێری دەڵێت، گەنجانی ئەم پارێزگاکە لەبەر هەژاری و نەبوونی هەلی کار کۆچ دەکەن، زۆرینەیان ناچارن روو لە پارێزگاکانی بەسرە، کەربەلا و نەجەف بکەن بۆ کارکردن، بەشێکیشیان روویان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە جەختی لەوە کردەوە کە سەرجەم داواکارییەکانیان گەیاندووەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و گوتی، "هیچ وەڵامێکی دڵخۆشکەرمان وەرنەگرتووە، پێمان دەگوترێت بەهۆی ئەو کێشە ئابوورییانەی بەرۆکی وڵاتیان گرتووە، دابینکردنی بودجەی بۆ دیوانییە دواکەوتووە."
 
لەلایەکی دیکەوە، رەغد عارزی، کە ئەویش ئەندامی ئەنجوومەنی دیوانییەیە باسی لە خراپیی پڕۆژەکان کرد و گوتی، "پڕۆژەی وەزاریی نۆژەنکردنەوەی 42 گەڕەکی ناوەندی پارێزگا، تەندەرەکەی درابوو بە کۆمپانیایەکی ئیسپانی و بە تەنیا کارەکەی بەڕێوەدەبرد، ئێمەش لە ئەنجوومەن کارەکەمان راگرت چونکە، بە چەند ساڵێکی دیکەش تەواو نەدەبوو."
 
رەغد عارزی گوتیشی، "30 گەڕەکمان لە کۆمپانیا ئیسپانییەکە وەرگرتەوە، چەند کۆمپانیایەکی نێوخۆییمان بەشداری پێکرد لەو پڕۆژەیە، بۆ ئەوەی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجانمان بڕەخسێت و کارەکەش زووتر تەواو بکرێت. بەڵام ئێستا کارەکان راوەستاون، چونکە کۆمپانیاکان داوای شایستە داراییەکانیان دەکەن و حکومەت هێشتا پێی نەداون."
 
لەبارەی دۆخی گەنجانەوە، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن بڕوای وابوو، لەبەر ئەوەی دیوانییە لە رووی کەرتی تایبەت و کشتوکاڵەوە لاوازە، بۆیە هاووڵاتییان بەدوای دامەزراندنەوەن. "لەم دوو ساڵەی کۆتاییدا بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری گەنجان، توانیمان 5000 هەزار گەنج بە شێوەی گرێبەست لە کەرتە جیاوازەکاندا دابمەزرێنین."
 
ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای دیوانییە زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار کەسە.
 
بەگوێرەی دوایین رووپێوی کۆمەڵایەتى و ئابووریى خێزانەکان، کە وەزارەتى پلاندانانى عێراق کردوویەتی، کەمترین ئاستى رۆژانەی داهاتى ناوەندیى تاک لە عێراقدا لە پارێزگای دیوانییەیە، کە 146 هەزار دینارە بۆ هەر تاکێک.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە