رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئاماری نوێی ئەو زیندانیانەی بڵاوکردەوە کە بە لێبووردنی گشتی ئازادکراون و رایگەیاند، تائێستا زیاتر لە 27 هەزار کەس بەگوێرەی یاساکە لە زیندانەکان ئازاد کراون، نزیکەی 120 هەزار کەسی دیکەش لێی سوودمەند بوون.
ئامارەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تەمموزی 2025 لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاماژەی بەوە داوە، ژمارەی ئەوانەی یاساکە گرتوونییەتەوە، لەوانەی فەرمانی گرتن یان بانگهێشتکردنیان بۆ دەرچووە، یان بە کەفالەت ئازاد کراون و ئەوانەی سزای غیابییان هەیە، گەیشتووەتە 119,315 کەس.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆی ئەو پارانەی لە چوارچێوەی یاساکەدا وەک مافی گشتی وەرگیراونەتەوە، 22 ملیار و 374 ملیۆن و 631 هەزار و 195 دیناری عێراقی بووە.
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو رۆژی 7ی ئەم مانگە، 6637 زیندانی بە یاسای لێبووردنی گشتی لە زیندانییەکانی وەزارەتی داد ئازاد کراون."
لەبارەی ئەو ئامارەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی و جیاوازیی لەگەڵ وەزارەتی داد؛ گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق گوتی، ئامارەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەوانەش دەگرێتەوە، کە سزانەدراون و لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە راگیراون، بەڵام ئاماری وەزارەتەکەیان تەنیا لەبارەی ئەو سزادراوانەیە، کە لە زیندانییەکانی سەر بە وەزارەتەکەن و سزا دراون.
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، خەڵکانێک هەن سزا نەدراون بۆ لێکۆلینەوە راگیراون، یاسای لێبووردنی گشتیی ئەوانیشی گرتووەتەوە، تەنانەت ئەوانەش دەگرێتەوە کە لە وەزارەتی ناوخۆن؛ ئاماری وەزارەتی دادیش تەنیا تایبەتە بەو سزادراوانەی، کە لە زیندانەکانی وەزارەتی دادن.
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، مانگی رابردوو 2195 زیندانی ئازادکراون، کە تێیدا 375یان بە ئازادکردنی مەرجدار، یان بڕیاری تەمیزی، یاخود بەهۆی تەواوبوونی ماوەی سزاکەیان ئازادکراون، لەکاتێکدا 1819یان بە یاسای لێبووردنی گشتیی ئازادکراون.
لە مانگی رابردوودا، 140 نێوجەوان ئازاد کراون، 68یان راگیرابوون، 33یان ماوەی سزاکەیان تەواو کرد، 16 دیکە بە ئازادکردنی مەرجداربووە. هەروەها 21 نێوجەوانی دیکە بە لێبووردن و 2 ی دیکەش بە بڕیاری تەمیزی ئازاد کراون.
30 بەندیخانەی سەر بە وەزارەتی داد هەن، کە زیاتر لە 60 هەزار بەندکراویان تێدایە.
یاسای لێبووردنی گشتی لەگەڵ هەموارکردنی یاسای باری کەسی و یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان بە یەک پاکێج لە رۆژی 21-01-2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسند کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ