رووداو دیجیتاڵ
بە مەبەستی چارەسەرکردنی چەند کێشەیەک و بەسەرکردنەوەی ژمارەیەک پرۆژەی گلدانەوەی ئاو لە پارێزگای کەرکووک، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق گەیشتە کەرکووک و لەگەڵ پارێزگاری بەوەکالەتی ئەو پارێزگایە کۆبووەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 09-08-2021، هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند: "ئەندازیار مەهدی رەشید، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی عێراق بە مەبەستی چارەسەرکردنی کۆمەڵێک کێشە گەیشتە شاری کەرکووک و لەگەڵ راکان سەعید، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک و یاریدەدەر و راوێژکارەکانی کۆبووەوە".
ئەمە یەکەم سەردانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانە لە کابینەکەی کازمی بۆ کەرکووک و سەردانەکەش لە کاتێکدایە، کۆمەڵێک کێشەی ئاو لە سنووری پارێزگاکە هەن، لەوانە کەمی ئاو لە دەریاچەی زاب و چەمی خاسە.
بڕیارە مەهدی رەشید بچێتە نمرە هەشت و ئەو پرۆژانە بەسەربکاتەوە کە بۆ گلدانەوەی ئاو دروستکراون، هاوکات چیای خاسە بەسەر دەکاتەوە، کە بەنداوێکی گەورەی لێیە.
پێش ماوەیەک سکاڵایەک لەلایەن ئیدارەی کەرکووکەوە لەسەر چەمی خاسە هەبوو، چونکە لە ساڵی 2003ەوە ئاو بە چەمی خاسەدا ناڕوات و بە تەواوەتی وشکی کردووە، بڕیاربوو بکرێتە پرۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنان، بەڵام لەبەرئەوەی ئاوی تێدا نەماوە وەکو خۆی ماوەتەوە.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان سەردانی شیرین و پەلکانەش بکات، لەوێش بەنداوێکی گەورەی گلدانەوەی ئاو هەیە، ماوەیەکی زۆرە ئاوەکەی گلدەدرێتەوە و کاریگەریی زۆری لەسەر کشتوکاڵ دروستکردووە، بە تایبەتی کە ئەمساڵ وشکەساڵییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ