ئەحمەد عەباسی بۆ رووداو: هەنگاوی یەکەم بۆ کاراکردنی بە هەرێمکردنی بەسرە دەنێین

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری سەرۆکی رێکخراوی بەسریاسا-ی فیدراڵی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی پرۆژەی بە هەرێمکردنی بەسرە دوا و رایگەیاند، ئەم جارە هەنگاوی زۆر بەهێز دەنێن و پشتیوانی جەماوەریی زۆریشیان هەیە. جەختی کردەوە، سوود لە ئەزموونی فیدراڵییەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن.
 
ئەحمەد عەباسی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی بەسریاسا-ی فیدراڵی، میوانی بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی رووداو بوو. لەگەڵ شەهیان تەحسین، گفتوگۆی لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆژەی بەهەرێمکردنی بەسرە کرد.
 
ئەحمەد عەباسی، بە رووداوی راگەیاند، "چەندین ساڵە پرۆژەی هەرێمی بەسڕە پەکخراوە و حکومەتی ناوەندیی کاری بۆ نەکردووە. رێکخراوی بەسریاسا ئەمجارە هەنگاوی نوێی گرتووەتەبەر جیاوازە لە هەنگاوەکانی پێشووتر. ئەمجارە هەنگاوەکان زۆر بەهێزن و بە پشتیوانی زۆری چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵکی بەسڕە دەستپێکردووە. هەنگاوی یەکەم بریتییە لە کاراکردنی ئەو مافە گرنگەی خەڵکی بەسڕە." 
 
گوتیشی: "کار دەکەین بۆ کاراکردنەوەی مادەی 119ـی دەستوور بۆ ئەوەی دەستبکەین بە رێکارە پێویستەکانی بە هەرێمکردنی بەسڕە بەپێی یاسای هەرێمەکان بە ژمارە 13 بۆ ساڵی 2008. بە فەرمی داواکەمان ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرد لە بەسڕە بۆ خستنەڕووی فۆڕمێکی تایبەت بەپشت بەستن بە داتاکانی کۆمیسیۆن تاوەکو واژۆ کۆبکەینەوە. دوای کۆکردنەوەی واژۆکان، رێکارە یەک لەدوای یەکەکانی دیکەش دەگرینەبەر تا دەگەینە دوایین قۆناخ کە گشتپرسییە."
 
لەبارەی رێکارەکانی کۆمیسیۆنیش رایگەیاند، "کۆپییەکی فەرمیی فۆڕمی واژۆکراو و مۆرکراوی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بەسڕەمان لەلایە. فۆڕمێکی زۆر ئاساییە و چەند زانیارییەک لەخۆ دەگرێت. دەنگدەر زانیارییەکانی تۆمار دەکات و واژۆ لەسەر زانیارییەکانی دەکات. کۆمیسیۆنیش وردبینی لەبارەی زانیارییەکان و واژۆکان دەکات، دوای دڵنیابوونەوەشی جێگیری دەکات. دوای ئەوە کۆمیسیۆن، بنکەکانی خۆی دەکاتەوە بۆ پێشوازیکردن لە دەنگدەرە واژۆکارەکان بۆ ماوەی مانگێک تا دەگاتە 10٪ـی کۆی دەنگدەرانی پارێزگاکە."
 
هەروەها گوتی: "ژمارەی دەنگدەرانی بەسڕە نزیکەی یەک ملیۆن و 600 هەزار دەنگدەرە. رێژەی 2٪ی دەنگەکان دەکاتە 32 هەزار دەنگ بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەم واژۆیانە بتوانین داواکاری فەرمیی پێشکێشی کۆمیسیۆن بکەین بۆ گرتنەبەری رێکارە فەرمییە یاساییەکانی بەهەرێمبوونی بەسڕە. ناچارین وەک رێکارێکی یاسایی ئەم 32 هەزار واژۆیە پێشکێشی کۆمیسیۆن بکەین."
 
سەبارەت بەم ژمارە زۆرەی واژۆکان، ئەحمەد عەباسی، بە رووداوی راگەیاند، رێکخراوەکەمان پەیوەندییەکی فراوان و تۆکمەی لەگەڵ سەرجەم رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە. کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی رێکدەخەین و وردەکارییەکانی لەمبارەیەوە بڵاودەکەینەوە. میکانیزمی کار و پلانەکانمان بۆ ئەم بابەتە دەخەینەڕوو، هەروەها بنکەی تۆماری فۆڕمی دەنگدەرانیش لە زۆربەی ناوچەکانی بەسڕە دەکەنەوە. دواتر واژۆکان لەلایەن هەمان بنکەکانەوە کۆدەکرێنەوە و دەخرێتە بەردەم نووسینگەی کۆمسیۆنە بۆ ئەوەی وردبینی زیارتر و باشتری بۆ بکات. پارێزگاکانی دیکەش پشتیوانی خۆیان بۆ ئێمەش راگەیاندووە. بەتایبەتی هەردوو پارێزگای دیوانییە و زیقار بەهۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆری بەسڕە لەوێ کاردەکەن. 
 
جێگری سەرۆکی رێکخراوی بەسریاسا-ی فیدراڵی ئاماژەی بەوەشدا کە دەستوور ئاماژەی بە هیچ وادەیەکی دیاریکراو نەکردووە بۆ پێشکێشکردنی داواکاریی واژۆ کۆکراوەکان لەپێناو بە هەرێمبوونی بەسڕە. بەڵام یاسا ئاماژە بە ساڵێک دەکات بۆ پێشکێشکردنی داواکارییەکان. دڵنیایین لە ماوەیەکی زووتریش واژۆی پێویست کۆدەکەینەوە. 
 
سەبارەت بە ئەزموونی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان گوتی: "گومان لەوەدانییە، کوردستان خاوەنی یەکەم ئەزموونی هەرێمی فیدراڵییە و راستەوخۆ دوای رووخانی رژێم فیدراڵیی بەدەستهێنا. چاومان لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەبێت ئامادەین هەرچی بکرێت بۆ بەرژەوەندیی بە هەرێمکردنی بەسڕە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەین." 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە