رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، هاوکێشە سیاسییەکانی بەغدا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و هەریەک لە نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی لە کێبڕکێی پۆستی سەرۆکوەزیران دوورخراونەتەوە، لە بەرامبەردا کەسایەتییەکی ئەکادیمی و حیزبی وەک بەهێزترین بەربژێر دەرکەوتووە کە د. باسم حازم حەمید بەدرییە.
زانیارییەکانی رووداو کە لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە دەستی کەوتووە، ئاشکرای دەکەن کە لە دوای پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگەی باڵاوە، لایەنەکان بە جیدیتر کار لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەکەن و لەم هەفتەیەدا یارییەکە گۆڕاوە. ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر د. باسم حازم حەمید بەدری-یە، وەک بەربژێری جێگرەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق.
باسم بەدری کێیە و کێ پشتیوانی دەکات؟
بەپێی زانیارییەکان، د. باسم بەدری کە سەرکردەیە لە حیزبی دەعوە، پشتیوانیی ئێرانی بەدەستهێناوە و سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریش بە چڕی کار بۆ سەرخستنی دەکات.
بەدری ئێستا سەرۆکی دەستەی باڵای لێپرسینەوە و دادوەریی عێراقە، کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئابووریی کشتوکاڵ. ساڵی 1999 لە بەغدا بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە، پلەی زانستیی پڕۆفیسۆرە و خاوەنی زیاتر لە 25 توێژینەوەی زانستییە لە بوارەکانی ئاسایشی خۆراک و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو.
ناکۆکیی سوننەکان و چانسی محەممەد تەمیم
لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هێشتا ماڵی سوننە بەدەست ناکۆکیی قووڵەوە دەناڵێنێت. هەرچەندە ناوی هەریەک لە محەممەد حەلبووسی و موسەننا سامەڕایی دەهێنرێت، بەڵام محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق زۆرترین چانسی هەیە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، تاکە بەربەست لە بەردەم محەممەد تەمیم ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە خوازراو نییە.
یەکێتی و پارتی و پۆستی سەرۆککۆمار
سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تاوەکو ئێستا بە فەرمی بەربژێری خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە. هەرچەندە باس لە هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی، خالید شوانی و نزار ئامێدی دەکرێت، بەڵام ئەگەرێک هەیە هیچکام لەوان نەبن و کەسایەتییەکی هاوبەشی نێوان یەکێتی و پارتی دیاری بکرێت.
پێرێ نزار ئامێدی، لێپرسراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەگەڵ شاندی دانوستاندنکاری پارتی لە پیرمام کۆبووەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو کۆبوونەوەیەدا تەنیا باس لە "پاکێجی بەغدا" کراوە و پرسی بەربژێری سەرۆککۆمار نەخراوەتە بەرباس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ