عێراق مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ئەو کەسانە دەبڕێت کە نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، هەر کەسێک مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەربگرێت و شوێنی نیشتەجێبوونی بگوازێتەوە هەرێمی کوردستان، مووچەکەی دەبڕدرێت.
 
حەسەن خەوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 18-12-2025  بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کەسانەی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە حکومەتی عێراق وەردەگرن، ئەگەر شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ یەکێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی هەمیشەیی بگۆڕن، مووچەکەیان دەبڕدرێت."
 
بە گوتەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی کار، ئەگەر  وەرگری مووچەی چاودێری بە شێوەیەکی کاتی لە سنووری هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بێت، "هیچ کێشەیەکی نییە و لە رێگەی 'کی کارد'ـەوە دەردەکەوێت کە ئەو کەسە بە شێوەیەکی کاتی لەوێیە یان هەمیشەیی."
 
ساڵانە زانیاری و داتا لەبارەی سوودمەندبووانی مووچەی چاودێریی کۆمەڵاتی کۆدەکرێتەوە و هەرکەسێک شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ هەرێمی کوردستان گۆڕیبێت، مووچەکەی دەبڕدرێت. هەروەها دەبێت ئەو پارەیەی لەدوای گواستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی وەریگرتووە، بە شێوەی قیست بۆ حکومەتی بگەڕێنێتەوە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، 2 ملیۆن و 124 هەزار خێزان مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن.
 
بەپێی یاسای چاودێریی کۆمەڵایەتیی ژمارە 11ی ساڵی 2014، حکومەتی عێراق پاڵپشتیی ئەو کەسانە دەکات کە پێویستیان بە چاودێریی کۆمەڵایەتییە، موچەی مانگانەکەی لە 105 هەزار دینار دەستپێدەکات بەپێی ژمارەی ئەندامانی خێزان. 
 
ئەو کەسانەی یاساکە دەیانگرێتەوە کێن؟
 
ئەم یاسایە ئەو خێزان و کەسانەی خوار هێڵی هەژاری دەگرێتەوە، چ عێراقی بن یان هاووڵاتیی وڵاتانی دیکە بن، کە بە شێوەیەکی هەمیشەیی و یاسایی لە عێراق نیشتەجێن:
 
بێکار: پێویستە خێزاندار بێت، خۆی و خێزانەکەی هەموو بەڵگەنامە سەرەکییەکانیان هەبێت (کارتی نیشتمانی، رەگەزنامە، پاسپۆرت، فۆرمی خۆراک، کارتی زانیاری).
 
بێ هاوژین: پێویستە لە ناسنامەکەیدا تۆمارکرابێت و بەڵگەنامەی مردنی هاوژینەکەی هەبێت.
 
جیا بووەوە : پێویستە لە ناسنامەکەیدا تۆمار کرابێت و بەڵگەنامەی جیابوونەوەی هەبێت.
 
هاوژینی سزادراو: پێویستە وێنەیەکی بڕیاری سزادانەکەی هەبێت.
 
کچی سەڵت: پێویستە تەمەنی (35) ساڵ یان زیاتر بێت.
 
هەموو ئەو منداڵانەی دایک یان باوکیان یان هەردووکیان کۆچی دواییان کردووە.
 
پەککەوتە: هەموو ئەو کەسانەی توانای کارکردنیان نییە و تەمەنیان (60) ساڵ یان زیاترە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

علەی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق

عەلی عەللاق: کەمکردنەوەی مووچە و خەرجییە گشتییەکان لێکەوتەی کۆمەڵایەتی دەبێت

عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێ، کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان، بەتایبەتی مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، لێکەوتەی کۆمەڵایەتی دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "دارایی گشتی لە عێراق بە رێژەی زیاتر لە 90% پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت."