رووداو دیجیتاڵ
سوودانی دەڵێت، پێویستیان بە هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش نەماوە و پابەندن بە کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانیان لە عێراقدا. دەشڵێت، دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
بەگوێرەی نووسینگەکەی، سوودانی لە گوتارەکەیدا گوتوویەتی، "نامانەوێت عێراق لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان داببڕێت و ناکرێت وڵات گۆشەگیر بکرێت".
بوونی چەک لە دەستی هۆزەکان، یەکێکە لە گرفتە بەردەوامەکانی عێراق کە زۆرجار شەڕی قورسی لێدەکەوێتەوە. رۆژی 6ی ئەم مانگە لە شاری مەیسان لە شەڕی نێوان دوو هۆزدا جگە لە بەکارهێنانی چەندین چەکی قورس، بۆیەکەمجار درۆنیش بەکارهێنرا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، "لەسایەی سەقامگیریی دۆخی ئێستا، هیچ پاساوێک نییە بۆ هەبوونی چەک لە دەرەوەی دامەزراوەکان و پێویستە هۆزەکان پشتگیریی سەروەریی یاسا و دەسەڵاتی دادوەری بکەن".
گوتەکانی محەممەد شیاع سوودانی لە دیدارێکیدا بوو کە ئەمڕۆ شەممە، لەگەڵ کۆمەڵێک لە سەرۆک هۆزەکان ئەنجامیدا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ستایشی رۆڵی هۆزەکانی کردووە لە شەڕی دژی داعش و گوتوویەتی، "ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی ئەمڕۆ هەیە، بەهۆی ئەو هەڵوێست و قوربانیدانانەی رۆڵەکانی گەلەکەمانەوەیە".
لەبارەی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش سوودانی ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستیان بە هاوپەیمانی دژی داعش نەماوە؛ "حکومەت لە کارنامەکەیدا پابەندە بە کۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق."
ئەمە لە کاتێکدا، رۆژی 23ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس لەبارەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش گوتی، "پێموابێت و ئەوە بڕوای منە، ئەوان لەوێ [لە عێراق] دەبن."
ئەمریکا لانیکەم دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق هەیە وەکو بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ