رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا کە تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە [کاژێر 16:55] بەردەوامە، بڕیار درا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی وەزیرانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستانەوە بکرێت.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 9-9-2023، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی دەستپێکرد و بەردەوامە؛ موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕگەیەک سەبارەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ زیادکرا. بڕیاردرا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی هەردوو وەزیرانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت".
موسەننا ئەمین گوتی، هەردوو وەزیری دارایی لە نزیکەوە کێشەکان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەخەنەڕوو، پاشان لیژنەکە لە راپۆرتێکدا وردەکاری کێشەکان دەخاتە بەردەم پەرلەمانی عێراق و لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە پەرلەمانی عێراق بڕیارێک دەدات.
تاوەکو ئەمڕۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەغدا بە پابەندنەبوون بە رێککەوتنەکان و یاسای بودجە تۆمەتبار دەکات. حکومەتی عێراقیش دەڵێت، هەرێمی کوردستان پابەندنی رێککەوتنەکان نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ