رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی دارایی پەرلەمان و وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوە. ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت، وەزیری دارایی گوتویەتی، پشکی هەرێمی کوردستان "زیاتر" لە مافی خۆی دراوە و هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتیی نەخستووەتە ئەو هەژمارە بانکییەوە کە بۆی دیاریکراوە.
رۆژی شەممە، 9ـی ئەیلوولی 2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوە. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەزیری دارایی دەڵێت بۆ شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، دوو ملیار و نیو بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکراوە، لەگەڵ داهاتە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستاندا زۆر زیاتر بووە لەوەی کە پێویستە وەریبگرن".
نەرمین مەعروف دەڵێت، "بە گوتەی وەزیری دارایی، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزاری حکومەتی ناوەند بووە نەوەکو پارەی کەمتر بۆ نێردرابێت. گوتیشی، وەزیری دارایی گوتی: مامەڵە بە یاسا دەکات و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی هەژمارکردنی داهاتی نانەوتیدا ژمارەی هەڵەیان داوە و داتاکانیان ورد نەبووە".
نەرمین مەعرووف ئاماژەی بەوەکرد، کە خاڵی سەرەکیی تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتییە و دەڵێن، داهاتەکە ناڕوونە و تاوەکو ئێستا "هیچ پارەیەک نەخراوەتە ئەو هەژمارە بانکییەی وەزارەتی دارایی عێراق کە بۆ داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان دایناوە".
نەرمین مەعرووف گوتیشی، "ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا، میوانداریی هەردوو وەزیرانی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ لیژنەی دارایی بکات؛ ئەوە زۆر گرنگە بۆ زانینی وردەکاریی کێشەکان لەلایەن لیژنەی داراییەوە، چونکە بەشێکی کێشەکان تاوەکو ئێستا لیژنەکەی ئێمەش نایزانن".
تاوەکو ئەمڕۆ 09-09-2023 مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی ناوەند تۆمەتبار دەکات بە پابەندنەبوون بە رێککەوتنەکان و یاسای بودجەوە، بەپێچەوانەوە حکومەتی ناوەندیش هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات بە پابەندنەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ