چالاکڤانێک: 20 پەناخوازی هەرێمی کوردستان و عێراق لە فینلاند دیپۆرت کرانەوە

09-10-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

چالاکڤانێکی کوردی لە فینلاند دەڵێ، 20 پەناخوازی هەرێمی کوردستان و عێراق لە فینلاند دیپۆرت دەکرێنەوە ئەمڕۆ دەگەنەوە فڕۆکەخانەی بەغدا. وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش دەڵێت، لە دوو باردا پاسپۆرتی کاتی بۆ گەڕانەوەی دیپۆرتکراوەکان دروست دەکەن.
 
رەسوڵ خۆڕەمی، رۆژنامەڤان و چالاکڤانی کوردی پەناهەندەی وڵاتی فینلاند، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر چواری بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (چوارشەممە) 20 هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان و عێراقی لە فینلاند بەزۆرەملێ براونەتە فڕۆکەخانە، هەریەکیان بە چوار پۆلیسەوە خراونەتە نێو فڕۆکە بەرەو عێراق بەرێکراون. 
 
وەک ئەو چالاکڤانە باسی دەکات، ئەمانە هەندێکیان زیاتر لە 10 ساڵە لەو وڵاتە دا دەژین و منداڵیان لەو وڵاتە لەدایکبووە. کاری تایبەتی خۆیان هەیە و کێشەیان نەبووە. 
 
سەبارەت بە هۆکاری دیپۆرتکردنەوەیان، خۆڕەمی گوتی، هەندێکیان بە پاساوی جیاواز و سەیر دەستگیر و دیپۆرتکراونەتەوە، وەکو سەرپێچیی هاتووچۆ، پەڕینەوە لە سنوور بەشێوەیەکی نایاسایی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکی دیکەیان بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و هەندێک کاری دیکە دەستگیر و دیپۆرتکراونەتەوە.
 
عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "عێراق رێککەوتنی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا هەیە بۆ وەرگرتنەوەی هاووڵاتییەکانی".
 
بە گوتەی عومەر بەرزنجی، لە دوو باردا باڵیۆزخانە پاسپۆرتی کاتی بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی دەکات:
 
- یەکەم: تاوانێکی لەو وڵاتە کردبێت و وڵاتەکە سووربێت لەسەر دیپۆرتکردنەوەی.
- دووەم: ئەو کەسە لەسەر خواستی خۆی داوای گەڕانەوە بکات، بۆیە باڵیوزخانە پاسپۆرتی کاتی بۆ دەکات، بەمەبەستی گەڕانەوە. 
 
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر هەر وڵاتێک سووربێت لەسەر دیپۆرتکردنەوەی کەسێک، ناتوانن گوشار بۆ سەر ئەو وڵاتە دروست بکەن و بڵێن وەری ناگرنەوە؛ چونکە ئەو وڵاتە دەڵێت وڵاتی خۆیەتی دپیۆرتی دەکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

سوودانی و بلینکن جەخت لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە دەکەنەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیان لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان کردەوە؛ هەروەها باسیان لە دۆخی لوبنانیش کرد