وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ رووداو: پلانێکی ئەمنیی چوار تەوەریمان بۆ رۆژانی هەڵبژاردن هەیە

09-11-2025
گەشاو خالید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، پلانێکی ئەمنیی چوار تەوەریان بۆ پاراستنی ئاسایشی رۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتی ئامادە کردووە و تیمە تایبەتمەندەکانیش 24 کاژێر کاردەکەن بۆ وەرگرتنی پەیوەندیی هاووڵاتییان.
 
عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵ و وەڵامدانەوە پلانەکەی بە هاوئاهەنگیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامادە کردووە".
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، پلانە چوار تەوەرییەکە بریتییە لە:
 
یەکەم: وەڵامدانەوەی پەیوەندی و پرسیاری کارمەندانی ئەمنی لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و پێشکێشکردنی پشتیوانیی تەکنیکی و زانیاری.
 
دووەم: دابینکردنی وەرگێڕانی راستەوخۆ بە شەش زمان بۆ چاودێر و میدیا بیانییەکان بە درێژایی 24 کاژێر، بۆ وەرگرتنی سکاڵا یان پەیوەندیی چاودێرە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و میدیا بیانییەکان کە چاودێریی پرۆسەی دەنگدان دەکەن لە رۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتی.
 
سێیەم: وەرگرتنی پەیوەندیی هاووڵاتییان لە هەموو پارێزگاکان لە کاتی روودانی هەر سەرپێچییەک، رووداوێک یان داواکردنی یارمەتیی بەپەلەی تەندروستی، ئەمنی یان هەر دۆخێکی دیکە.
 
چوارەم: هاوئاهەنگی راستەوخۆ لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ وەرگرتنی سکاڵا و پرسیاری هاووڵاتییان و زانینی شوێنی بنکەکانی دەنگدان و نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان لە کاتی روودانی هەر کێشەیەک لەڕێگەی پەیوەندیکردن بە 911.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەلا بەختیار

وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق: بڕوانامەکەی مەلا بەختیار باوەڕپێکراو نییە

وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لە وەڵامی نووسراوێکی پەرلەماندا رایگەیاندووە، ئەو زانکۆیەی مەلا بەختیار بڕوانامەی تێدا بەدەستهێناوە دانپێدانراو نییە، نووسینگەی مەلا بەختیاریش دەڵێت، تانەیان لە بڕیاری دوورخستنەوەی وەکو بەربژێری سەرۆککۆماری عێراق داوە .